گەردەلوولی تویتری بۆ پشتیوانی لە \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی نۆژین

ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مەدەنیی کوردستان، بۆ پشتیوانی لە زارا محەمەدی، گردەلوولێکی تویترییان، وەڕێخست.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی مەدەنیی کوردستان لە بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتیدا، بۆ ئازاد نەکردنی زارا محەمەدی، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، هەوڵی وەڕێخستنی گردەلوولێکی تویترییان دا.

چالاکانی مەدەنیی کوردستان کە کەمپەینێکیان بۆ پشتیوانی لە زارا محەمەدی وەڕێخستووە، ڕایانگەیاند: \"هەتا ئێستا هەوڵی کردەوەیی لە لایەن بەرپرسانی ئەمنییەتییەوە بۆ ئازادیی زارا محەمەدی نەدراوە و قۆناغی دووهەمی کەمپەینەکە سەرەڕای کۆکردنەوەی واژۆ، بە گردەلوولی تویتری دەستی بەکار کردووە.\"

چالاکانی تویتری، کاتی بەڕێوەبردنی گردەلوولی تویترییان، ڕۆژی سێشەممە، کاتژمێر ٢٢، بە کاتی سنەیان ڕاگەیاندووە.

چالاکانی مەدەنی بە هه‌شته‌گه‌کانی:

#نا_بۆ_له_به‌ند_کردنی_پارێزەرانی_زمان
#ئازادی_بۆ_زارا_محه‌ممه‌دی
#هه‌موومان_زاراین
#زارا_ته‌نیا_نیه
#زارای_نیشتمان
#ئێستا_کچێک_نیشتمانمه
#جێگای_چالاکانی_مه‌ده‌نی_گرتووخانە_نییە
#بەڵێ_بۆ_پەڕەپێدانی_زمانی_دایکی ، پشتیوانیی خۆیان لە زارا محەمەدی ڕاگەیاند.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، پاش ٧ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە گرت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.