کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە سنووری ورمێ بریندار کرا

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "فیاد ئەحمەدی" کوڕی سادق خەڵکی گوندی "کوران"ی ناوچەی سۆما و برادۆست، بە تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە سنووری ورمێ پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران، ڕۆیشتووەتە ناو خاکی تورکیە و لە کاتی گەڕانەوە لە گوندی "درێشک"ی تورکیە لە نزیک سنووری ورمێ بە تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە بریندار کراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لەلایەن دانیشتوانی گوندی "کوران" بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان لە سنووری سۆما و برادۆستی ورمێ کردە ئامانج و بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئەرسەلان ئەحمەدی" کوڕی "حاکم" گیانی لەدەست دا و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "توران و ڕەدوان ئەحمەدی" کوڕی "عەبدولخالق"، بەسەختی لەو ڕووداوەدا پێکران.