ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە تەقینەوەی مین لە سەقز بریندار بوو

ڕۆژی هەینی ٢٣ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی "مریەم غەفووری" خەڵکی شاری بانە، لە لەوەڕگەی "مێرگە نەخشینە"ی شاری سەقز، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.

ئەو هاووڵاتییە بەهۆی تەقینەوەی مین قولاپەی پێی بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەورێز کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری لە نزیک گوندی "مێرگە نەخشینە" تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ٧ی بانەمەڕ، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی "حەبیب حاتەمی سینائابادی" کوڕی جەلال خەڵکی گوندی "کوران" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار ببوو.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٠، ٤٠٢ غەیرەنیزامی لە کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕی ئێران و عێراق (١٠٣ کوژراو و ٢٩٩ بریندار).