ژمارەی چالاکانی مەدەنیی دەسبەسەرکراو لە سنە گەیشتە چوار کەس

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی لە سنە، ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕ، چالاکێکی دیکەی مەدەنی بە ناوی "مەهدی سەیفی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و ناوبراویان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

مەهدی سەیفی کە ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستانـ"ـە، پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، سێ ئەندامی دیکەی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" بە ناوەکانی "عەتائوڵڵا ڕەزاڕەبابی"، "مەرزییە غوڵام‌وەیسی" و "سیروان عەبدوڵڵاهی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.