ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: بەرپرسانی ئێران دەسبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک سوهەیل عەرەبی ئازاد بکەن

17:17 - 26 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی سوهەیل عەرەبی، زیندانیی سیاسیی_عەقیدەتی کردووە و ڕایگەیاندووە هەتا کاتی ئازادیی، ناوبراو دەبێت لە بەرانبەر ئەشکەنجە و بەکاربردنی هەر جۆرە هەڵسووکەوتی نەشیاو پارێزاو بێت.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە ڕایگەیاندووە: "سوهەیل عەرەبی، زیندانیی عەقیدەتی، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٩ بۆ دەرەوەی زیندانی گەورەی تاران (فەشافوویە) ڕاگوێزراوە. بەرپرسانی ئێران بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە سوهەیل بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزراوە، بەڵام سوهەیل عەرەبی هیچ پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی پاش ڕاگوازتنی نەبووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: "نەبوونی پەیوەندیی سوهەیل عەرەبی لەگەڵ دونیای دەرەوە لە زیندان، نزیک بە مانگێکە نیگەرانییەکانی زۆرتر کردووە کە ئەگەری هەیە لە مەترسیی ئەشکەنجە هەڵسووکەتی نەشیاودا بێت. هەروەها بێبەریکردنی لە پەیوەندیگرتن، نیگەرانیی بنەماڵەکەی زیاتر کردووە".

ئەو ڕیکخراو مافی مرۆییە هەروەها پێداگری لە سەر ئەوە کردووە بەرپرسانی ئێران دەسبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک سوهەیل عەرەبی ئازاد بکەن، هەتا کاتی ئازادییەکەی، ناوبراو دەبێت لە بەرانبەر ئەشکەنجە و بەکاربردنی شێوەکانی هەڵسووکەوتی نەشیاو پارێزراو بێت و دەسپێڕاگەیستنی بە خەدەماتی دەرمانی هەبێت،و ئیمکانی دەسپێڕاگەیشتنی بە بنەماڵەکەی و پارێزەری دیاریکراوی هەبێت.

سوهەیل عەرەبی ١٦ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٢ دەسبەسەر کرا. ناوبراو کە سەرەتا بەهۆی نووسینەکانی لە فەیسبووک بە تۆمەتی "سب النبی" (بێڕێزی کردن بە پەیغەمبەر) و "افساد فی الارص" بە ئێعدام مەحکووم کرا و پاش ڕەتکردنەوەی ئەو حوکمە، بە ٧ ساڵ و نیو زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

سوهەیل عەرەبی لە دۆسییەیەکی دیکەدا، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا کە بە تێکەڵکردنی ئەو دوو دۆسییەیە سزاکەی لە ساڵی ٩٧، کۆتایی پێهات. ئەو زیندانییە سیاسی و عەقیدەتییە لە کاتی زیندانییەکەی دا، لە سێ دۆسییەی دیکە بە ڕیز بە "٢ ساڵ زیندان، ساڵێک و٨ مانگ زیندان و ٣ ساڵ زیندان" مەحکووم کرا.