ڕۆژنامەنووسێکی کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی سەقز کرا

10:32 - 29 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز،  بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی بەفرانبار، "دارا مستەوفی" ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری سەقز، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەیان لێکردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لەو ڕۆژنامەنووسە کردووە لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی بابەت لە سەر حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، لەگەڵ سزای قورسی دادوەری بەرەڕوو دەبێتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی بەفرانبار، لە ڕێگای تەلەفوونەوە ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی بەفرانبار، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بناسێنێت.

"دارا مستەوفی" خوێندکاری کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەیە و کە یەک مانگی ڕابردوودا، چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کراوە.