چوار هاووڵاتی بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە کرماشان دەسبەسەر کران

11:52 - 13 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی ڕابردوو، هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی لە کرماشان، لە هەواڵێکدا باسیان لە دەسبەسەرکردنی چوار هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە کرد کە لە ماوەی مانگی پووشپەڕدا، خەریکی بانگەشە بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بوونه.

"مێرساد نیوز" بڵاوی کردووەتەوە ئەو چوار هاووڵاتییە لە بانگەشەکەرانی سەرەکیی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە پارێزگای کرماشان بوونه کە لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای نەبی ئەکرەم دەسبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە سپای پاسداران، دەسبەسەرکردنی ئەو چوار هاووڵاتییەی بۆ بەلاڕێدابردنی لاوان لە فەزای مەجازی و پەیوەندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ دژبەرانی شۆڕش گەڕاندووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دادستانی گشتیی ئینقلابی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام، باسی لە دەسبەسەرکردنی گۆڕانیبێژێکی خەڵکی ئەو شارە، لە شاری مورموری کرد.

 دادستانی ئابدانان، هەرچەند ئاماژەی بە شوناسی ئەو گۆرانیبێژە نەکرد، بەڵام ڕایگەیاندووە بەهۆی سەرپێچیكکردن لە یاسا؛ ئەو گۆڕانیبێژە دەسبەسەر کراوە  و هەروەها کەرەستەکانیشی زەوت کراوە.