وەشانگەی \"باشوور\" لە ئیلام دەستی بە کارەکانی کرد

ئاژانسی کوردپا: نووسینگەی وەشانگەی \"باشوور\" لە شاری ئیلام کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، ڕێوڕەسمی کرانەوەی نووسینگەی وەشانگەی \"باشوور\"، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە نووسەران، شاعێران و هۆگرانی زمانی کوردی لە شاری ئیلام بەڕێوە چوو.

بەشێک لەم ڕێورەسمە بۆ شێعرخوێندنەوە، وتووێژ و مۆسیقا تەرخان کرابوو، سەرنجدان و پێویستیی پێکهینانی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن، ئەدەبی و فەرهەنگیی بە تەکووزیی لەسەر زمانی دایکی جەختیان لەسەر کرایەوە و هەر کام لە بەشداران لەم ڕێوڕەسمە، ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان لەم بارەوە دەربڕی.

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی \"باشوور\"، وێڕای سپاس و پێزانین لە هەموو بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە ڕایگەیاند: هەموو هەوڵ و ئیرادەی خۆمان لە پێناو خزمەت بە زمان و ئەدەبیاتی پارێزگا و ناوچەکەمان وەگەڕ دەخەین.

سەرماوەزی ئەمساڵ، وەشانگەی \"باشوور\" بۆ چالاکی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی خوارین (کەلهوڕی، لەکی، فەیلی و...) لە ئیلام مۆڵەتی وەرگرت.

وەشانگەی \"باشوور\" به بەرپرسایەتیی \"محەممەدموراد نەساری\" نووسەر و شاعێری کورد لە ئیلام، چالاکییەکانی خۆی دەست پێ دەکات.

لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، \"محەممەدموراد نەساری\" وەکوو کەسایەتی شێعری جەوانی کوردی هەڵبژێردرا و ڕێز لە چالاکییەکانی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیدا گیرا.