وشکەساڵی خەسارێکی بەرچاوی بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم لە پارێزگای سنە گەیاندووە

11:45 - 21 خەرمانان 2721

بەهۆی وشکەساڵی لە ئاستی پارێزگای سنە، بەرهەمهێنانی گەنم لەو پارێزگایە لە ئەمساڵدا ٦٢ لەسەد داکشاوە.

نوێنەری شیرکەتەکانی بارزگانیی دەوڵەتیی پارێزگای سنە، ڕایگەیاندووە: "وشکەساڵی لە ئەمساڵدا بووەتە هۆی دابەزینی ٦٢ لەسەدی بەرهەمهێنانی گەنم لەلایەن جووتیارەکانەوە و هەتا ئێستا ٢٨٠ هەزار و ٢٢٥ تۆن گەنم کڕدراوە".

"جەماڵ ساڵحی" لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "مێهر" ڕایگەیاندووە: "لە سەرەتای وەرزی کڕینی گەنم لە ئەمساڵدا هەتا ئێستا کڕینی گەنم ٢٨٠ هەزار و ٢٢٥ تۆن بووە و ئەو ڕیژەیەش بە نیسبەت ساڵی ڕابردوودا ٦٢ لەسەد دابەزیووە".

نرخی کڕینی گەنم لە جووتیاران بە دابەزینی ٤ لەسەد ئەرێنی و هەروەها ١ لەسەد نەرێنی، بە نرخی ٥٠ هەزار ڕیاڵ بووە.

.ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٧٤٠ هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران کڕدرابوو کە بە بەرئاورد لەگەڵ ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی، دابەرزینی بەچاوی بە خۆوە  بینیوە.

پارێزگای سنە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا، یەک لەو ٥ پارێزگایانە بووە کە پلەیەکی باشی لە بواری وەبەرهێنانی گەنم هەبووە.