هەورامان/ کۆڵبەرێکی کورد به هۆی سەرما و وەستانی دڵی گیانی لە دەست دا

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ، به هۆی سەرما و وەستانی دڵی، لە کاتێکدا کە خەریکی کاری کۆڵبەری بووە، گیانی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"سالار تەنهایی\"، تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە سنووری نەوسوود به هۆی سەرماوە دڵی ڕاوەستاوە و گیانی لە دەست داوە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی هەوراماندا، تووشی ئەم ڕووداوە بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سیشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد، به ناوی \"زانیار عەزیززادە\"، کوڕی سلێمان، خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی سەرمابردوویییەوە گیانی لە دەست داوە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، به هۆی زۆربوونی سەرماوە، لە بەرزایییەکانی \"ئالانە\"، لە سنووری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەریدا گیانی خۆی لە دەست دابوو.

هەروەها، شەوی هەینی، ٤ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد، به ناوی \"موزەفەر حوسێنی\"، تەمەن ٣٥ ساڵ، کوڕی عەلی، خەڵکی گوندی \"گێسیان\"، سەر به ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی سەرمای لەڕادەبەدەر ڕەق هەڵاتووە و گیانی لە دەست داوە.

ساڵی ڕابردوو، ٥ کۆڵبەری کورد، بە هۆی سەرما و هەرەسەوە لە ورمێ، شنۆ و پیرانشار گیانی خۆیان لە دەست داوە.