لێداوانە دژ بە یەکەکان لەسەر کوژرانی گرووبانێکی نیزامی

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی یەکێک لە مەئموورانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ، بەرپرسانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت  و کاناڵەکانی سەر بە حکوومەت، هەر کامەیان و بە جۆرێک باسیان لە کوژرانی ئەو مەئموورە نیزامییە کرد.

 لەو پەیوەندییەدا، کاناڵی مەرزبانی لە هەواڵێکدا باسی لە کوژرانی مەئموورێکی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە ناوی "میلاد سەیادی" لە شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، (پ.ک.ک) لە زێوەی مەرگەوەڕ کرد.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسی هەنگی سنووری، کوژرانی ئەو گرووبانەی بۆ تەقینەوەی نارنجۆک گەڕاندەوە.

"یەحیا حوسێن‌ خانی"، فەرماندەی هەنگی سنووریی ورمێ لەو باریەوە ڕایگەیاند: "میلاد سەیادی خەڵکی شاری شابادی پارێزگای کرماشان بوو و لە پایگای سنووریی زەینیی شاری ورمێ بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆک کوژراوە".