لاوێکی بەلووچی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە گیانی لە دەست دا

15:41 - 4 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی بەلووچی بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، گیان لە دەست دا.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە \"بەردە مزگەوت\"، لە نزیک شاری \"کەلات سەرباز\"، ماشینی هاووڵاتییەکی بەلووچ، کە باری گازۆئیلی پێ بووە، دەدەنە بەر دەسڕێژی گولـلەوە.

لەو ڕووداوەدا، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، بە ناوی \"ئومید ڕەئیسی\" کوڕی حاج مەدەد، لەگەڵ ماشین و بارەکە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسووتێت.

دەگوترێ، پاش ئەو ڕووداوە هێزە نیزامییەکان، لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵهاتوون.
\"عەداڵەت نیوز\" لە زاری یەکێک لە هاووڵاتییانی بەلووچی بڵاوی کردووەتەوە: \"هێزە نیزامییەکان، ماشینێک وانت کە مسافیرەکانی جلوبەرگی ناوچەی بەلووچستانیان پێ بووە، کردووەتە ئامانج.

هەر لەم پێوەندییەدا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەند لاو بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژراون و هەتا ئێستا هیچ ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم کێشە نەدۆزراوەتەوە.