عوسمان مستەفاپوور و محەممەد نەزەری لە زیندان ئازاد کران

ئاژانسی کوردپا: عوسمان مستەفاپوور و محەممەد نەزەری پاش ٥٣ ساڵ زیندانی، بەهۆی لێخۆشبوونی گشتییەوە لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، عوسمان مستەفاپوور و محەممەد نەزەری، پاش ٥٣ ساڵ زیندانی، لە گرتنگەی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کران.

عوسمان مستەفاپوور ٢٨ ساڵ  و محەممەد نەزەری ٢٥ ساڵ لە زینداندا بوون. ئەو دوو زیندانییە ماوەی حوکمەکانیان لە زیندانەکانی ورمێ، تەورێز و ڕەجایی شار تێپەڕاندووە.

عوسمان مستەفاپوور، پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی شاری ورمێ دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی "ئەندامبوونی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" بە ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی پاش ٢٣ ساڵ دەسبەسەری، لقی یەکەی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "چابۆک"، حوکمی زیندانیی عوسمان مستەفاپووری بۆ ٣٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕی. دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسداران بڕییەوە.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی  خەڵکی شاری "سایین قەڵا"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەسبەسەر کرا و لە دادگای سەرەتاییدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەلیلزادە"، سەرۆکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨، حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

ناوبراو لە مافی چوونە مورەخەسی بێبەری کرابوو.