زیندانی سەقز؛ فایق یووسفی پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، ئەندامێکی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز، بە ناوی "فایق یووسفی"، پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٩٩، ئەو شاخەوانە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی سەقز ناساندبوو.

فایق یووسفی، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، وێرای "هادی محەممەدزادە"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خەرمانانی ٩٨، ئەو شاخەوانە پاش ٢ مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و ٢٥ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ١٠ مانگ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کرا و لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسێندرابوو.

حوکمی ئەو ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقزە، لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا، بۆ ٦ مانگ زیندانیی تەعزیەری کەم کرابووەوە.