زیندانییەکی مەزهەبی لە زیندانی ورمێ بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

10:41 - 30 سەرماوەز 2720

ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەز، زیندانییەکی مەزهەبی بە ناوی "بێهزاد عەباسی قەراگوز" تەمەن ٣٤ ساڵ کوڕی فەریدوون خەڵکی گوندی "وەلەندەی خواروو" سەر بە شاری ورمێ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە مەزهەبییە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، لەگەڵ ١٣ زیندانیی دیکەی سیاسیی_مەزهەبی بە نیشانەی ناڕەزایەتی  لە هەمبەر " لە هەمبەر جێبەجێ‌نەکردنی گەڵالەی دوو فەورییەتی کەمکردنەوەی سزای زیندان و ئاسانکارییەکان"‌ دەستیان دابووە مانگرتنی وشک و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ سەرماوەز، لە سەر بەڵێنی بەرپرسانی قەزایی، کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "جەواد یووسفی" تەمەن ٤٣ ساڵ کوڕی فەرامەز خەڵکی ورمێ، لە کاتی گەڕانە و لە جادەی مەهاباد - ورمێ، بە تۆمەتی "چالاکی مەزهەبی و پڕۆپاگەندە" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لە ژێر لێکۆڵینەوە دابووە.

بێهزاد عەباسی ‌قەراگوز و جەواد یووسفی، دواتر لە لقی ١٠ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپی ئەنساروئیسلام" تاوانبار کران.

ئەو دوو زیندانییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی "شیخلوو" هەر کامیان بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کران و پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمە، حوکمی هەر کامیان لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەلیپوور" لە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.