دەسبەسەرکرنی لێکۆڵەرێکی کورد لە کرماشان

ئاژانسی کوردپا: لێکۆڵەرێکی کورد لە کرماشان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ۱ی ڕێبەندان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووە سەر ماڵی لێکۆڵەرێکی کورد به ناوی \"ناسر ئەمینیخا\" دانیشتوی دەوڵەتاوای شاری کرماشان و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشانەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵەکەی ئەم لێکۆڵەر کوردە، کامپیوتێر و کەلوپەلی تایبەتی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆ بردووە.

ناسر ئەمینیخا چالاکی فەرهەنگی و توێژەر لە بواری شوێنەوارناسییە و دوایین لێکۆڵینەوەی بە هاوکاری زانکۆی کۆپێنهاگن لە تەپەی خەیبەر لە روانسەر بووە، هەروەها بەرهەمی لێکۆڵینەوە و موتاڵای مەیدانی لە بواری فەرهەنگی و کەونینەناسی لەسەر ناوچەی هەورامان و بەشەکانی تری کوردستان و ئێران هەبووە.

ناوبراو خاوەنی چەندان وتاری زانستی لە بابەت کەونینەناسی و شوێنەوارەوەیە کە بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی، بڵاو کراونەتەوە؛ ئەمینیخا خاوەنی دوو کتێبی بە نرخە لە سەر هەورامان ناسی کە یەکیان لە سەر فەرهەنگ و مێژووی هەورامان و کتێبێکیشی لە سەر شوێنەوارەکانی هەورامان و کرماشانە.

ئەم چالاکی کوردە لە بوومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو لە پێڕاگەیشتن و یارمەتیدانی لێقەوماوان دەستی باڵای هەبووه.

تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.