دیواندەرە؛ یەکێک لە ناڕازییان بە قەتڵی حکوومەتی "ژینا ئەمینی" گیانی لەدەست دا

13:29 - 29 خەرمانان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، یەکێک لە هاووڵاتییانی ناڕازی بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی بە ناوی "موحسین محەممەدی" کوڕی خەلیفە مەسعوود خەڵکی شاری دیواندەرە کە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، بە سەختی پێکرابوو، لە ناوەندی دەرمانیی شاری سنە، گیانی لەدەست دا.

هەروەها بارودۆخی هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "فواد قەدیمی" کوڕی عەبدوڵڵا، کە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی دیواندەرە بە سەختی بریندار کرابوو، نالەبار ڕاگەیاندراوە و لەژێر چاوەدێری وردی پزیشکیی دایە.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە شارەکانی کوردستان، هاووڵاتییانی ناڕازی لە شاری دیواندەرە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، ڕژانە سەر شەقامەکان و لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، هاووڵاتییان دروشمی، "نەترسن نەترسن هەمووان پێکەوینـ"ـیان  دا.

بە دەستێوەردانی هێزەکانی دژە شۆڕش و هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە توندوتیژی لێکەوتەوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان و هێزەکانی دژە شۆرش بە کەڵکوەرگرتن لە گوللەی ساچمەیی تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناڕازیی کردبوو و دەیان هاووڵاتیی بەهۆی تەقەی ئەو ‌هێزانەوە، بریندار کران.

چەند هاووڵاتیی ناڕازی بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی سنە کراون و بارودۆخی تەندروستییان، نالەبار ڕاگەیاندراوە.

هەندێک لە هاووڵاتییان کە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان پێکرابوون ، لە ترسی دەسبەسەری لە چوون بۆ نەخۆشخانەی خۆیان بواردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، دووکانداران و کاسبکارانی شارەکانی کوردستان، پاش بانگەوازی هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بە کوژرانی ژینا ئەمینی، مانیان گرت و دووکانەکانیان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی داخست.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا (مەهسا) ئەمینی، که لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، کەوتبووە حاڵەتی بێهۆشی درێژخایەن، لە نەخۆشخانە کەسرای تاران، گیانی لەدەست دا و ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان، بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر، لە گۆڕستانی "ئایچی" شاری سەقز، ئەسپەردەی خاک کرا.