دوو کەس لە چالاکانی ئینیستاگرام لە ئیلام دەسبەسەر کران

بەرپرسی پۆلیسی ئاگایی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای ئیلام باسی لە دەسبەسەریی دوو کەس کە بەڕێوەبەرانی پەیجی ''ئینیستاگرام" لە شاری ئیلام کرد.

عەلی مێهری، ڕایگەیاند: "ئەو دوو کەسە بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستی نرخی زێڕ و دراو، لە ئینیستاگرم دەسبەسەر کراون.

بە وتەی ئەو بەرپرسە نیزامییە، ئەو دوو پەیجە ئینیستاگرامییە، نزیکەی ٩٠ هەزار ئەندامیان هەیە و  لە بواری نرخی زێڕ، سکە و دراو هەواڵی ناڕاستیان بڵاو کردووەتەوە و بە شێوەی نایاسایی لەو دوو پەیجە چالاکییان کردووە.

بەرپرسی پۆلیسی ئاگایی هێزە ئینتزامییەکانی ئیلام، هەر چەند ئاماژەی بە شوناسی ئەو دوو کەسە نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاند: ئەو دوو کەسە ڕادەستی ناوەندە قەزاییەکان بۆ لێپرسینەوە کراون.