دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "خۆی" گیانیان لەدەست دا

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە نزیک گوندی "کەرکوشـ"ـی بەخشی "سەفاییە"ی شاری خۆی، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسڕێژییان لێ کرا و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا، "موحسێن دروێش ‌زادە و ئیبراهیم جوردیزەج" گیانیان لەدەست دا.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران لە مەودایەکی کەم  و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، تەقەیان لێ کرابوو.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لەو ڕووداوەدا چاو و ملیان بەر گولـلە کەوتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان لە سنووری سۆما و برادۆستی ورمێ کردە ئامانج و بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئەرسەلان ئەحمەدی" کوڕی "حاکم" گیانی لەدەست دا و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "توران و ڕەدوان ئەحمەدی" کوڕی "عەبدولخالق"، بەسەختی لەو ڕووداوەدا پێکران.