دوو هاووڵاتیی کورد لە سنە دەسبەسەر کران

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەیهان شیرینی" کوڕی "ئەداک" و تەمەن ٢١ ساڵ و "بەهرام قاسمی" کوڕی "ساڵح" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "مێراو"ی ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان  کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و ئەوانیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردنیان  بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، "کەیهان شیرینی" ماوەیەکی کەمە ژیانی هاوبەشیی پێک هێناوە، هەروەها "بەهرام قاسمی" باوکی سێ منداڵە.