باری تەندروستیی کۆڵبەرێکی کورد پاش تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە نالەبارە

12:36 - 6 خەزەڵوەر 2720

باری تەندروستیی گشتیی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئیدریس بارزان" خەڵکی شاری پیرانشار، کە بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری بانە پێکرابوو، نالەبارە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەڕ دۆخی تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش برینداربوونی لە سنووری بانە، سەرەتا بۆ ناوەندی دەرمانیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و دواتر بەهۆی قورسی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەورێز کراوە''.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "ئەو کۆڵبەرە کوردە  بەهۆی برینداربوونی لاقی بە گوللەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، دوو جار نەشتەرگەری بۆ کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئیدریس بارزان بڕیار وایە بەم زووانە بۆ سێیەمین کەڕەت نەشتەرگەری بۆ بکرێتەوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادار هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆڵبەرە کوردە، پاش مەرەخەسکردنی لە نەخۆشخانە لە ماڵەوە چاوەدێری لێدەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر، ئەو کۆڵبەرە کوردە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری بانە، ل لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو.