٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی سەراوڵە سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا زیاتر لە مانگێک دەسبەسەر کرابوو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ساڵێک و سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی ٣٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی محکووم کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٥ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری چەرداوڵەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «محەممەد سەرباز جەمشید» بە تۆمەتی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بەپێی لانیکەمی سزا و بە جێبەجێکردنی حوکمی جێگوزین، بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی ٣٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی نوورەدین چەلەنگەر لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە دانیشتنێکی کورت لە لقی ناوبراو بەڕێوە چووە و ناوبراو لە کاتی دادگاییەکەدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش ڕاگەیاندنی حوکمەکەی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و ئێستا چاوەڕوانی وڵامی ناڕەزایەتییەکەیە.
ناوبراو لە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ئەو بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام کەوتە بەر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کرا و پاش مانگێک و ٨ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی کە نوورەدین چەلەنگەر لە ماوەی ٨ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەکەیدا لە گرتنگەی ئەمنییەتی، لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پاریزەر بێبەری بووە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە کاتی لێپرسینەوەکاندا ئەشکەنجە دراوە و لە پێوەندی لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە وەپاڵی دراون، هیچ بەڵگەیەک نەبووە. ئەو هەروەها لە کاتی پێڕاگەیشتنی یاسایی و بەڕێوەچوونی دادگاشدا لە مافی پازەر بێبەش بووە.





