بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، کۆڵبەرێکی بە ناوی «بەهمەن خدری» خەڵکی گوندی «ماڵتە»ی سەر بە شاری بانە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارەدا، گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم کۆڵبەرە تەمەن ٣٤ ساڵە، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان لە سنووری «ماڵتە»ی بانە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی حکوومەتی کە لە «بورجەکی بەردەڕەش» جێگیر بوون و کوژراوە.
ئەم کۆڵبەرە لاوە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە کە کچە بچووکەکەی تەمەنی ٤ ساڵە و کوڕەکەیشی تەنیا ١٦ ڕۆژە لەدایک بووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، تەیب ڕۆستەمی، کۆڵبەری تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی بانە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی لەدەست دا.
تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ ئاگادارکردنەوەی هێزە نیزامییەکان لە بەهمەن خدری لە سنووری بانە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی، نموونەیەکی زەقی «کوشتنی سەروو یاسایی» (قتل فراقضایی) و پێشێلکردنی ئاشکرای ماددەی ٣ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (مافی ژیان)ـە.
ئەم کردەوە توندوتیژە هەروەها پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی ماددەی ٣ و تێبینیی (تبصرە) ٣ی یاسای بەکارهێنانی چەک لە یاسا ناوخۆییەکانی ئێرانە، کە فەرمانبەران ناچار دەکات قۆناغەکانی ئاگادارکردنەوە (فەرمانی وەستان، تەقەی هەوایی و تەقەکردن لە خوارەوەی جەستە) ڕەچاو بکەن؛ چونکە کۆڵبەران کەسانی بێچەکن کە هیچ مەترسییەک بۆ سەر هێزەکان دروست ناکەن و تەنیا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ناچارن ڕوو لەم کارە بکەن.





