ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، «مەیسەم نەزەری» پەرستار و یەکێک لە کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی «ڕەسووڵی ئەکرەم»ی شاری ئاودانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بە دەسبەسەرکرانی «مەیسەم نەزەری»، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاودانان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەم شارە لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایش، گەیشتە ٩ کەس. ئەم هاووڵاتییانە پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستا و بە تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە درێژەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئاودانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئاودانانی دەسبەسەر کران کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ٨ کەسیان بۆ کوردپا ئاشکرا بووە، کە بریتین لە: «سینا دەرویشی» (مێرمنداڵی ١٥ ساڵان)، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاھی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «ئارمین سلێمانی»، «بێهنام مورادی» و «پەیمان کەریمزادە" و "شەهرام جاویدانە".هەروەها «موحسن باویر» یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و پاشان ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
بەرپرسانی حکوومەتیی پارێزگای ئیلام، لەوانە «ئەسەدوڵڵا چراغی» لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم (سەر بە سپای پاسداران)، دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئاوداناندا ڕەت کردووەتەوە. هاوکات «ئەمرۆڵڵا میسائی» داواکاری گشتیی ئاودانان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی میزان (سەر بە دەزگای دادوەری)، هەڕەشەی لە ناڕازییانی ئاودانان کردووە و ڕایگەیاندووە کە بە شێوەیەکی «لێبڕاوانە» ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە بە وتەی ناوبراو «بە نیازی تێکدانی نەزمی گشتی و ورووژاندنی هەستی خەڵک بن».
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومی، بەرانبەر بە سەرنجنەدان بە دۆخی ڕێگاوبانەکان، بێبەشبوونی ژێرخانی پارێزگای ئیلام و بەڕێوەبردنی خراپ ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات، بەشێکی گەورەی بازاڕی ئاودانان بە نیشانەی هاوهەنگاوی لەگەڵ ناڕازییان و بنەماڵەی قوربانییاندا دەستی دایە مانگرتن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاردا جێگیر کران. کۆبوونەوەکان تا ئێوارە بەردەوام بوون و ڕاپۆرتەکان باس لە تێکچوونی بەرچاوی دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرانبەر بە ناڕازییان دەکەن.




