٢٧ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکرانی «پەیمان کەریمزادە»، ژمارەی هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوەکان لە ئاودانان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بۆ گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەم شارە لە وەرگەڕانی دڵتەزێنی ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پترۆپالایش، گەیشتە ٧ کەس. ئەم هاووڵاتییانە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تاکوو ئێستا زانیاریی ورد لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئاودانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئاودانانی دەسبەسەر کران کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ٧ کەسیان بۆ کوردپا ئاشکرا بووە، کە بریتیین لە: «سینا دەرویشی» (مێرمنداڵی ١٥ ساڵان)، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاھی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «ئارمین سلێمانی»، «بێهنام مورادی» و «پەیمان کەریمزادە».
هەروەها «موحسن باویر» یەکێک لەو کەسانە بوو کە بۆ چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر و پاشان ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکرانیانەوە تاکوو ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومی، بەرانبەر بە سەرنجنەدان بە دۆخی ڕێگاوبانەکان، بێبەشبوونی ژێرخانی پارێزگای ئیلام و بەڕێوەبردنی خراپ ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات، بەشێکی گەورەی بازاڕی ئاودانان بە نیشانەی هاوهەنگاوی لەگەڵ ناڕازییان و بنەماڵەی قوربانییاندا دەستی دایە مانگرتن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاردا جێگیر کران. کۆبوونەوەکان تا ئێوارە بەردەوام بوون و ڕاپۆرتەکان باس لە تێکچوونی بەرچاوی دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرانبەر بە ناڕازییان دەکەن.





