٢٧ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ گیانلەدەستدانی ١٣ کارمەند و ئەندازیاری خەڵکی ئاودانان و برینداربوونی ١٧ کەسی دیکە لە وەرگەڕانی دڵتەزێنی ئوتوبووسی گواستنەوەی کارمەندانی کۆمپانیای «پێترۆپاڵایش»ی دێهلوۆڕان لە ئێوارەی ٢٣ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، کە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ڕێگاوبانی نائەمن و بێبەشکردنی ژێرخانیی ئیلامە سەرەڕای هەبوونی سەرچاوە زەبەلاحەکانی نەوت و گاز، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەر بووە هۆی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی ئاودانان. ئەم گردبوونەوانە کە بە دروشمی ناڕەزایەتی دژی پێکهاتەی دەسەڵات و بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووانی بەفرانباری ١٤٠٤ و «ژن، ژیان، ئازادی» لە مەیدانی وەلیعەسر و شەقامەکانی شاردا بەڕێوەچوون، لەلایەن هێزە ئەمنی و سەرکوتکەرەکانەوە بە تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ، گولـلەی ساچمەیی و دەسبەسەرکردنی لانیکەم حەوت هاووڵاتی — کە یەکێکیان مێرمنداڵێکی ١٥ ساڵانە — وڵام درانەوە. هاوکات، میدیا حکومییەکان و بەرپرسانی دادوەری وێڕای نکۆڵیکردن لە دەسبەسەرکردنەکان و هەڕەشەکردن لە ناڕازییان بە «مامەڵەی توند»، هەوڵیان دا لە ڕێگەی زەقکردنەوەی لەکارلادانی چەند بەڕێوەبەرێک و «بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی بێواژۆ و پشتڕاستنەکراوە بە ناوی بنەماڵەی قوربانییانەوە»، پەردەپۆشی ستەمی ئابووری و ژێرخانی دژی خەڵکی ئیلام و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و سەلامەتیی کارکردنیان بکەن.
ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئاودانان لە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛
پاشنیوەڕۆی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە دوای گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی لە وەرگەڕانی دڵتەزێنی ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا کە تا ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەردەوام بوو. گردبوونەوەکان سەرەتا بە ئامادەبوونی چەند سەد هاووڵاتییەک لە مەیدانی وەلیعەسر دەستیان پێکرد، بەڵام ژمارەی ناڕازییان بە خێرایی زیادی کرد و گەیشتە هەزاران کەس. دواتر بازنەی ناڕەزایەتییەکان شەقامەکانی دیکەی شاریشی گرتەوە.
ناڕازییان دروشمگەلێکی وەک «مەرگ بۆ دیکتاتۆر»، «مەرگ بۆ حەیدەر حەیدەر» — وەک ئاماژەیەک بۆ دروشمی هێزە سەرکوتکەرەکان —، «بەرپرسی بێلیاقەت، دەست لەکار بکێشەوە» و «ئەمڕۆ ڕۆژی ماتەمە، ڕۆژی شینە ئەمڕۆ»یان دەوتەوە. هەروەها، پووستەرێکی تایبەت بە هێزەکانی بەسیج کە یەکێکن لە هێزە سەرکوتکەرەکان لە ئێراندا، لەلایەن ژمارەیەک لە هاووڵاتییانەوە دڕێنرا. لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان و لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا، هاووڵاتییان لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ئاودانان کۆبوونەوە.
ناڕازییان هەروەها بە بیرهێنانەوەی دوو گیانبەختکردووی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، «عەلیڕەزا سەیدی» و «بامشاد سولەیمانخانی»، دروشمی «عەلیڕەزا ڕۆحت شاد» و «بامشاد ڕۆحت شاد»یان وتەوە و یادیان بەرز ڕاگرتن.
هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە، هێزەکانی گاردی تایبەت و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکە لە شەقامەکانی شاردا جێگیر کران. بەهۆی ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵکەوە، ئەم هێزانە لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا نەیانتوانی هیچ کارێک بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕازییان بکەن، بەڵام لە نزیک ئێوارەدا بۆ کۆتاییهێنان بە گردبوونەوەکان، گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی ساچمەییان بە ڕووی خەڵکدا تەقاند. تاکوو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە برینداربوونی ناڕازییان بە دەستی کوردپا نەگەیشتووە.
هەروەها لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنی و سەرکوتکەرەکان لەگەڵ ناڕازییان، تاوەکو ئێستا ناسنامەی حەوت هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو بۆ کوردپا پشتڕاست بووەتەوە. ئەم کەسانە بریتین لە: سینا دەرویشی (مێردمنداڵی ١٥ ساڵان)، ئیرەج حەیدەری، سەعید عەبدوڵڵاهی، ئەسغەر ئەکبەری، ئارمین سلێمانی، بێهنام مورادی و پەیمان کەریمزادە. هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم حەوت هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. هەروەها موحسین باویر بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر و پاشان ئازاد کرا.
لە نکۆڵیکردن لە دەسبەسەرکردنەکان و هەڕەشەکردن لە ناڕازییانەوە تا بێدەنگی سەبارەت بە بێبەشکردنە ژێرخانییەکان و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی «دراوەتە پاڵ بنەماڵەی ١٣ گیانبەختکردووەکە» لە میدیا حکومییەکاندا؛
میدیا حکومییەکانیش باسیان لە ناڕەزایەتییەکانی ئاودانان کرد، بەڵام ئەم ناڕەزایەتییانەیان تەنیا وەک ماتەمینی و دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان پیشان دا و هیچ ئاماژەیەکیان بە دەسبەسەرکردنی حەوت هاووڵاتی و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی بە ڕووی ناڕازییاندا نەکرد. ئەم میدیایانە هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە بە «دروشمی خاوەن ڕەنگوبۆی سیاسی» ناویان برد، لە زاری داواکاری گشتیی ئاودانانەوە هەڕەشەیان لە خەڵک کرد و باسیان لە «مامەڵەی توند و یەکلاکەرەوە» لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بە «تێکدەری ئاسایشی گشتی و هاندەری هەستەکان» ناویان بردن کرد.
هاوکات، ئەم میدیایانە بە ڕووماڵکردنی بەرفراوانی هەواڵی تۆمارکردنی سکاڵا دژی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای (NGL)ـی دێهلۆڕان و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای ئیلام و لەکارلادانی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی پاڵاوگەکە، خۆیان لە باسکردنی بێبەشکردنی ژێرخانیی ئاودانان و ئیلام و ئەو هۆکارانە بوارد کە بوونە هۆی کارەساتی مەرگباری وەرگەڕانی ئوتوبووسەکە و گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتی.
ئاژانسی هەواڵی «فارس»ی سەر بە سپای پاسداران نووسیویەتی ژمارەی بەشداربووانی گردبوونەوەکە گەیشتبووە نزیکەی هەزار کەس. ئەم ئاژانسە ئامانجی سەرەتایی هاووڵاتییانی بە هاوخەمی و داواکاری لە دوای ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووس ناو برد، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کرد کە «بە دەستپێشخەریی هەندێک کەس»، دروشمەکان «ڕەنگوبۆی سیاسییان» گرتووە و کۆمەڵێکیش بەنیازی «زیانگەیاندن بە سامانی گشتی» بوون.
ئاژانسی هەواڵی «تەسنیم»، میدیایەکی دیکەی سەر بە سپای پاسداران، ئەویش ئامانجی گردبوونەوەکەی بە «دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان» وەسف کرد. ئەسەدوڵڵا چراغی، نوێنەری ئاودانان لە مەجلیس، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئەم ئاژانسە، دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی لە میانەی ناڕەزایەتییەکاندا ڕەت کردەوە.
ئاژانسی هەواڵی «میزان»ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری، لە زاری ئەمرۆڵڵا میسائی، داواکاری گشتیی ئاودانانەوە، هەواڵی هەڕەشەکردن لە ناڕازییانی بڵاو کردەوە. داواکاری گشتیی ئاودانان ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئەو کەسانەی بە وتەی ئەو «بەنیازی تێکدانی ئاسایشی گشتی و هاندانی هەستی خەڵک بن»، بە توندی مامەڵە دەکرێت.
ئەم میدیایانە بە زەقکردنەوەی هەواڵی تۆمارکردنی سکاڵا دژی بەڕێوەبەری گشتیی (NGL)ـی دێهلۆڕان و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی ئیلام و لەکارلادانی چەند بەڕێوەبەرێکی پاڵاوگەکە، هیچ ئاماژەیەکیان بە بێبەشکردنی ژێرخانی و ستەمی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی خەڵکی ئاودانان و پارێزگای ئیلام نەکرد. لە کاردانەوە بەم شێوازە میدیاییە، ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئیلام جەختیان کردەوە کە «کردنە قوربانیی بەڕێوەبەرێک، ڕەگ و ڕیشەی ئەم کارەساتە لەناو نابات و تا ئەو کاتەی خەڵکی ئاودانان پشکێکیان لە سامانی خاکەکەیان نەبێت، پشکی ئەوان لەم سامانە هەر ڕێگاوبانی نائەمن دەبێت.» ئەم بەکارهێنەرانە داوای وڵامدانەوە، دادپەروەری و سوودمەندبوونی خەڵکیان لە پشکی دادپەروەرانەی سامانی خاکەکەیان کرد.
هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئاودانان لە ڕۆژی ٢٦ـی خەزەڵوەر، بەیاننامەیەک کە درابووە پاڵ بنەماڵەی ١٣ گیانبەختکردووەکەی وەرگەڕانی ئوتوبووسەکە، سەرەتا لە کەناڵە تێلێگرامییە ناوخۆییەکانی پارێزگای ئیلام و شاری ئاودانان بڵاو کرایەوە کە بە گشتی سەر بە حکوومەتن، و دەستبەجێ ئاژانسە فەرمییەکان و میدیا حکوومییەکان، لەوانە ئاژانسەکانی فارس و تەسنیم و دەنگوڕەنگی ناوەندی ئیلام، بڵاویان کردەوە و ڕووماڵیان کرد. خاڵی جێی سەرنج لە شێوازی بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیەدا ئەوە بوو کە دەقەکەی بەبێ واژۆ یان ناوی نوێنەرێکی دیاریکراوی هیچ کام لە ١٣ بنەماڵەکە، وەک دەقێکی یەکگرتوو خرابووە بەردەست میدیاکانی پارێزگاکە. میدیاکانی نزیک لە دامەزراوە ئەمنییەکانیش ئەم بەیاننامەیەیان بەکار هێنا بۆ بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ ئارامبوونەوە و کۆتاییهێنان بە گردبوونەوە سەرشەقامییەکان لە مەیدانی وەلیعەسری ئاودانان.
لەگەڵ ئەوەشدا، تاکوو ئێستا هیچکام لە سەرچاوەکانی کوردپا، هاووڵاتییانی ئاودانان یان بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم بەیاننامەیەیان بڵاو نەکردووەتەوە و پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.
١٣ گیانبەختکردوو و ١٧ بریندار لە وەرگەڕانی دڵتەزێنی ئوتوبووسی کارمەندانی پترۆپاڵایشی دێهلۆڕان؛
ئێوارەی شەممە ٢٣ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، ئوتوبووسی گواستنەوەی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایشی دێهلۆڕان (پرۆژەی NGL 3100) کە زۆربەی سەرنشینەکانی لە هاووڵاتییانی ئاودانان و گوندەکانی دەوروبەر و هەروەها ئەندازیاران بوون، لە کیلۆمەتری ١٠ـی ڕێگای دەشتعەباس ـ موورمووری، لە ڕێڕەوی لاوەکیی گوندی «سێگەر» و دەوروبەری بیرە نەوتییەکانی ناوچەی دێهلۆڕان، تووشی وەرگەڕانێکی مەرگبار بوو. لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا تاکوو ئێستا ١٣ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٧ کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە نەخۆشخانەکانی ئیلام و دێزفوول لەژێر چاودێریدان.
میدیاکانی کۆماری ئیسلامی گیانلەدەستدانی قوربانییانی ئەم ڕووداوەیان پشتڕاست کردووەتەوە و لە ڕاپۆرتەکانیاندا باسیان لە پرۆسەی فریاگوزاری، گواستنەوەی بریندارەکان، پەیامی سەرەخۆشیی بەرپرسان، ڕاگەیاندنی ماتەمینیی گشتی و پشکنینی تەکنیکیی ئوتوبووسەکە کردووە؛ بەڵام هیچ ئاماژەیەکیان بە نائەمنبوونی ڕێگاوبانەکان، بێبەشکردنی ژێرخانیی ئیلام و کەمیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ناوچەکە نەکردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردپا، کارمەندەکان ڕۆژانە نزیکەی ١٥٠ کیلۆمەتریان لە ڕێگا نائەمنەکاندا هاتوچۆ دەکرد؛ ئەوان کاتژمێر چواری بەیانی لە ماڵ دەردەچوون و ئێواران بە هەمان ڕێگاکاندا دەگەڕانەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان. ئەم سەرچاوەیە پێی وایە کۆمپانیاکە دەیتوانی بە دروستکردنی بەشەناوخۆیی (خەوتنگە) بۆ کارمەندەکان، ڕێگری لە هاتوچۆی ڕۆژانەیان لە ڕێگا نائەمنەکان و کەوتنەبەر مەترسییان بکات.
دوای ئەم ڕووداوە، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان لە نائەمنیی ڕێگاوبانەکان، بێبەشکردنی ژێرخانیی ئیلام سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان، لەوانە ساردخانە بۆ هەڵگرتنی تەرمی گیانبەختکردووان لە ئاودانان، گرت.
ئیلام سەرەڕای هەبوونی سەرچاوە بەرفراوانەکانی نەوت و گاز، هێشتا بەدەست ڕێگاوبانی نائەمن، ئامێر و ئۆتۆمبێلی کۆن و لەکارکەوتووی گواستنەوەی کرێکاران و کەمیی ناوەندە پزیشکییە پڕچەکەکانەوە دەناڵێنێت؛ بە جۆرێک کە بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەگوازرێنەوە بۆ دێزفوول. هاووڵاتییان و کرێکاران داوای تەرخانکردنی دادپەروەرانەی داهاتی نەوت و گازی ناوچەکە دەکەن بۆ ئەمنکردنی ڕێگاوبانەکان، نوێکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی کرێکاران و دابینکردنی پێداویستی بۆ ناوەندە پزیشکییەکان.
لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتییەوە، ئەم دۆخە پەیوەندیی بە پابەندبوونەکانەوە هەیە سەبارەت بە مافی ژیان، مافی هەبوونی مەرجی سەلامەتیی کار، مافی تەندروستی و قەدەغەکردنی جیاکاری لە دەستڕاگەیشتن بە ئیمکانات و سەرچاوەکان؛ ئەو بابەتانەی کە لە ماددەکانی ٦ و ٧ـی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ماددەی ١٢ـی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و ماددەی ٢٦ـی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا جەختیان لەسەر کراوەتەوە.





