٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «ئارمین سلێمانی»، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاودانان لە پاش ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەو شارە لە ڕووداوی وەرگەڕانی کوشندەی پاسی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایشدا، گەیشتە شەش کەس. ئەم هاووڵاتییانە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە پاش ئەم ناڕەزایەتییانە، شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی «سینا دەروێشی»، مێرمنداڵی ١٥ ساڵان، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «بێهنام مورادی» و «ئارمین سلێمانی» دەستبەسەر کران.

ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکرانیانەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە پاش گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنەوەی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومەتی، ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە پشتگوێخستنی دۆخی ڕێگەوبانەکان، بێبەشکردنی پارێزگای ئیلام لە ژێرخانەکان و خراپیی بەڕێوەبردن دەربڕی. هاوکات بەشێکی زۆری بازاڕی ئاودانانیش وەک هاوسۆزی و پشتیوانییەک بۆ ناڕازییان و بنەماڵەی قوربانییان مانیان گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاردا جێگیر کران. کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان تا ئێوارە بەردەوام بوون و ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە تێکچوونی توندی هێڵی ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرەو ناڕازییان بڵاو کراونەتەوە.