ئەمڕۆ هەینی، ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥، شەشەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا، شاعیری ناسراوی کورد ناسراو بە «دارە پیرە» بە بەشداریی کۆمەڵێک لە نووسەران، چالاکان و ناوەندە مەدەنییەکان، بنەماڵە دادخوازەکان، هۆگران و خەڵکی سنە، لەسەر مەزارەکەی لە گوندی «مەلەکشان»ی سنە بەڕێوە چوو. ئەم ڕێوڕەسمە بە دانانی گوڵ و ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەریی جەلال مەلەکشا و خوێندنەوەی هۆنراوە دەستی پێ کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە وتنەوەی سرودی «ئەی ڕەقیب» و چەند خولەک بێدەنگی بۆ یادکردنەوەی جەلال مەلەکشا و شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان ئەندامانی بنەماڵەی مەلەکشا بەخێرهاتنی بەشداربووانیان کرد و یاد و ناوی ئەم شاعیرە مەزنە بەرز ڕاگیرا. لە درێژەدا، کۆمەڵێک لە ئەدیبان، لەوانە «سیمین چایچی»، بە خوێندنەوەی هۆنراوە، باسیان لە جیهانبینیی ئەدەبی و فیکریی ئەو و ئەو باج و تێچووانە کرد کە بۆ پابەندبوون بەم جیهانبینییە داویەتی. هەروەها نوێنەرانی ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان و چالاکانی مەدەنی وتاریان پێشکەش کرد.

خوێندنەوەی هۆنراوە و ئامادەبوونی بەشداربووان بە پلاکاردگەلێک کە وێنە و ناوی جەلال مەلەکشایان پێوە بوو، بەشێکی تری ئەم ڕێوڕەسمە بوو. 

جەلال مەلەکشا؛

جەلال مەلەکشا، شاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکی چەپی کورد بوو کە بە هەر دوو زمانی فارسی و کوردی دەینووسی. ئەو لە گوندی «مەلەکشانی سەرێ» سەر بە شاری سنە لە دایک بوو و لە تەمەنی لاوییەوە ڕووی لە هۆنراوە و چالاکییە فەرهەنگی و سیاسییەکان کرد.

مەلەکشا لە دەیەی ٥٠ی هەتاوییەوە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکان و باوەڕە دادپەروەرانەکانی و دژایەتیکردنی سەرکوت، چەندین جار لەلایەن حکوومەتی پەهلەوی و پاشان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەهۆی هۆنراوە ڕەخنەگرانەکانی لەسەر هەژاری، هەڵاواردن و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، بانگ، دەسبەسەر و زیندانی کرا. ئەو لە ساڵی ١٣٦٢دا بە ١٠ ساڵ زیندان حوکم درا. لە ساڵی ٢٠١٤دا، پاش وتنی هۆنراوەیەک بۆ پاڵپشتیی خۆڕاگریی کۆبانێ لە بەرانبەر داعش، دیسانەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ و هەڕەشەی لێ کرا تا هیچ هۆنراوەیەک لەمبارەیەوە بڵاو نەكاتەوە.

سەرەڕای گوشارەکان، مەلەکشا لە چالاکیی فەرهەنگی بەردەوام بوو و ساڵانێک لە چاپەمەنیی سەلاحەدین ئەیووبی، گۆڤاری سروە و بڵاوکراوەی کوردیی «پرشنگ» وەک شاعیر، نووسەر و سەرنووسەر چالاک بوو. ئەو یەکێک لە دامەزرێنەرانی پێگەیاندنی نەوەی نوێی شاعیرانی کورد لە ناوەندی فەرهەنگیی «ئەحمەدی خانی» بوو.

جەلال مەلەکشا لە یەکەم ئەندامانی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو و پێش بڵاوبوونەوەی فەرمیی بەرهەمەکانی بوو بە ئەندامی ئەم ناوەندە فەرهەنگییە. ئەو لە ساڵانی کۆتایی دەیەی ١٣٥٠ی هەتاویدا لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ زۆرێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێران، لەوانە ئەحمەد شاملوو، محەممەد موختاری، و سیمین بێهبەهانی و بە یەکێک لە داكۆکیکارە سەرسەختەکانی ئازادیی ڕادەربڕین و سەربەخۆیی نووسەران لە دەسەڵاتی سیاسی دەژمێردرا.

مەلەکشا لە دانیشتنەکانی کانووندا، چەندین جار سەبارەت بە سانسۆری دەوڵەتی و سەرکوتکردنی ئەدەبیاتی سەربەخۆ لە ئێران هۆشداریی دا و باوەڕی وا بوو کە ئەدەبیات دەبێت «دەنگی بێدەنگان» بێت. ئەو لەو ساڵانەدا بەهۆی چالاکییەکانییەوە خرایە ژێر چاودێریی ناوەندە ئەمنییەکانەوە و پاش شۆڕشی ١٣٥٧یش بەهۆی بەردەوامیی هەڵوێستە ڕەخنەگرانەکانی لە چالاکیکردن لە چوارچێوەی فەرمیی فەرهەنگیی کۆماری ئیسلامی بێبەش کرا.

لە دەیەکانی دواتردا، سەرەڕای گوشارە ئەمنییەکان و دەسبەسەرکردنە دووبارەکان، هێشتا بە شێوەی نافەرمی هاوسۆزیی فەرهەنگی و فیکریی لەگەڵ ئەندامە سەربەخۆکانی کانوون لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەبوو و لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی:

«من باوەڕم بە ئەدەبیاتی دەروەست هەیە، نەک ئەدەبیاتی ملکەچ. نووسەر ئەگەر لە بەرانبەر ستەمدا بێدەنگ بێت، لە خەڵک دابڕاوە.»

ئەندامەتی و چالاکیی ئەو لە کانوونی نووسەران، یەکێک لە گرنگترین ڕەنگدانەوەکانی پابەندبوونی بە ئازادیی بیر، ڕادەربڕین و داهێنانی ئەدەبی بوو؛ ئەو پرەنسیپانەی کە تا کۆتایی تەمەنی پێیان وفادار مایە، هەرچەندە چەندین جار باجەکەی بە بانگکردن، دەسبەسەرکردن و قەدەغەکردنی چالاکیی فەرهەنگی دا. 

جەلال مەلەکشا لە ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە لە شاری کۆچی دوایی کرد. بەڵام تەنانەت پاش مردنیشی، گوشارەکان لەسەر بنەماڵە و لایەنگرانی بەردەوام بوون. ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ناشتن و ڕێزگرتنی گشتی بۆ ئەو کرد و هێزە ئینتیزامییەکان لە گۆڕستان ئامادە بوون تا پێش لە کۆبوونەوەی شاعیران، نووسەران و خەڵک بگرن. چەندین بەرنامەی یادکردنەوەشی لە سنە و مەریوان بە بڕیاری ئەمنی هەڵوەشایەوە.

هۆنراوەکانی ئەو ڕەنگدانەوەی ئازار، خۆڕاگری و ڕاستیی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستانە؛ زمانێکی سادە و پڕهێز کە هاوکات سیاسی، مرۆیی و شاعیرانەیە. لە بەرهەمەکانی دەکرێت ئاماژە بە کۆمەڵە هۆنراوەکانی: «زڕەی زنجیری وشە دیلەکان»، «کارەسات» و «آوازهای فصل اضطراب» (ئاوازەکانی وەرزەی دڵەڕاوکێ) بکرێت.

هۆنراوەکانی بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، عەرەبی لیبیایی، فەرەنسی، ڕووسی، سوێدی و ... وەرگێڕدراون.

بە وتەی شێرکۆ بێکەس، «هۆنراوەی مەلەکشا زمان و ئەدەبیاتی کوردیی پەرە پێ دا و لە دڵەوە هەڵدەستێت و دەنیشێتەوە دڵیشەوە.»