ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، مەتین فەرامەرزی، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد، بەەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە فەرهەنگییە دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسرای گشتی و ئینقلای مەهاباد، دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ئەم هاوولاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لە پارکی «شێخ شەلتووت»ی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە بارمتە ئازاد کرابوو. لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا بۆ ماوەیەک لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.