٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ هۆڵی پێشوازیی «عیمارەتی محەممەدی» لە شاری بۆکان، پاش بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێک بە ئامادەبوونی ژنان و پیاوان و ئەوەی بەرپرسانی ئینتزامی بە «ڕەچاونەکردنی پێوەرە ئیسلامییەکان» ناویان بردووە، پلۆمپ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند، پاش بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی هونەرمەند «فەرشاد ئەمینی» لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ لە هۆڵی «عیمارەتی محەممەدی»، ئەم ناوەندە بە فەرمانی فەرماندەی ئینتزامیی شاری بۆکان داخراوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هۆکاری داخستنی ئەم هۆڵە، «نائیسلامیبوونی پۆششی ژنان» و بەڕێوەبردنی کۆنسێرت بە ئامادەبوونی ژنان و پیاوان ڕاگەیەندراوە. هەروەها بۆ ئەم ناوەندە لە ناوەندە دادوەرییەکاندا دۆسییە کراوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، کەناڵە خۆجێییەکانی ناوخۆی ئێران لە زاری «سەرهەنگ مووسا بەهاری»، فەرماندەی ئینتزامیی شاری بۆکانەوە بڵاویان کردووەتەوە کە یەکەیەکی هۆڵی پێشوازی بەهۆی «ڕەچاونەکردنی ڕێسا ئینتزامی و پیشەییەکان و هەروەها ڕەچاونەکردنی پێوەرە ئیسلامییەکان»، بەپێی پەیڕەوی سیستەمی پیشەیی داخراوە و بەڕێوەبەرەکەشی ڕادەستی ناوەندە دادوەرییەکان کراوە.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، لە گەشتە مەیدانییەکانی سەر شەقامەوە بەرەو «سزادانی بەکۆمەڵی ئابووری»، «داخستنی سەرەڕۆیانەی شوێنەکان» و «چاودێریی زیرەک» گۆڕاوە. سەرەڕای هەڵپەساردنی فەرمیی «یاسای عیفاف و حیجاب»، ناوەندە ئەمنی و ئینتزامییەکان لە ڕێگەی ڕێنمایییە نایاساییەکانەوە، خاوەنی کافە و هۆڵ و ناوەندە کولتوورییەکانیان ناچار کردووە کە ڕۆڵی پۆلیسی حکوومەت بگێڕن و خۆیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو ژنانە ببوێرن کە پۆششی دڵخوازی خۆیان هەیە.
لەم ڕوانگەیەوە، ئامادەبوونی ژنان بە پۆششی دڵخوازەوە یان بەڕێوەبردنی بۆنە کولتووری و مۆسیقاییەکان بە ئامادەبوونی هاوکاتی ژنان و پیاوان، دەبێتە هۆی داخستنی دەستبەجێی یەکە پیشەییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر و دروستکردنی دۆسییە بۆ بەڕێوەبەرەکانیان؛ هەنگاوێک کە نموونەیەکی ئاشکرای هەڵاواردنی ڕەگەزی، پێشێلکردنی مافی کار و ئاسایشی پیشەیی، سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕینی هونەری و زەوتکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکانی هاووڵاتییانە (کە بە تەواوی پێچەوانەی ماددەکانی ٦ و ١٥ی پەیماننامەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و ماددەکانی ١٧، ١٩ و ٢٦ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە).