۷ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵؛ سزای ۹ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی «دوکتۆر نەبی ئومیدی»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەڵکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام و دانشیاری ئابووریی زانکۆی پەیامی نووری ئیلام، لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە کە پێنج ساڵی دەبێ جێبەجێ بکرێ. دەرکردن و دوورخستنەوە لە زانکۆ، قەدەغەکردنی چوونه‌ده‌ره‌وە لە وڵات، دەسبەسەرداگرتنی پاسپۆرت و قەدەغەکردنی چوونەژوورەوە بۆ شاری مەڵکشایی لە سزا تەواوکەرەکانی دیکەن کە بەسەریدا سەپێنراون. دوکتۆر ئومیدی لە بەفرانباری ۱۴۰۴دا، لە پەیوەندی لەگەڵ پاڵپشتیکردنی خەڵک لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکردنەکەیدا دەست و لووتی شکان. ناوبراو دوای چەندین مانگ دەسبەسەربوون، لە نەورۆزی ۱۴۰۵دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند کە لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام، سزای ۹ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی دوکتۆر نەبی ئومیدی وەک خۆی پەسەند کردووە. ناوبراو لە سەرەتای ڕەزبەری ۱۴۰۵دا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە، لە پەیوەندی لەگەڵ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ و بە تۆمەتەکانی «کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە ۹ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکوم کرابوو کە بەپێی سزاکە، زۆرترینیان کە پێنج ساڵ بەندکرانە، جێبەجێ دەکرێت.

جگە لە سزای زیندانی، سزای تەواوکەری دیکەشی بەسەردا سەپێنراوە کە بریتین لە دەرکردن و دوورخستنەوە لە زانکۆی پەیامی نووری ئیلام، قەدەغەکردنی چوونه‌ده‌ره‌وە لە وڵات، دەسبەسەرداگرتنی پاسپۆرت و قەدەغەکردنی چوونەژوورەوە بۆ شاری مەڵکشایی. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکەی کوردپا، دوکتۆر ئومیدی ئێستا لە شاری ئیلام نیشتەجێیە و لە چوونەژوورەوە و نیشتەجێبوون لە مەڵکشایی بێبەش کراوە. هەروەها سزای دوورخستنەوەی لە زانکۆ ماوەیەکە جێبەجێ کراوە. 

ئێوارەی یەکشەممە ۱۴ی بەفرانباری ۱۴۰۴، دوکتۆر نەبی ئومیێدی و عەلی‌ئەکبەر ئومیدی برای لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوازێکی زۆر توندوتیژانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترانەوە. هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی دوکتۆر نەبی ئومیدی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوک، برا و کەسوکاری تری و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی توند، لێدان و شەڕی فیزیکی، ئەم دوو برایەیان دەسبەسەر کرد. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردندا هەڵسوکەوتێکی زۆر توندوتیژانەیان لەگەڵ دکتۆر نەبی ئومیدیدا هەبوو و بە توندی لێیان دا؛ بە جۆرێک کە دەست و لووتی شکان.

دوکتۆر نەبی ئومیێدی دوای تێپەڕاندنی ۳۰ ڕۆژ زیندانیی تاکەکەسی لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا، لە کاتێکدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵە و خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش بوو، بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواززرایەوە. ناوبراو سەرئەنجام لە نەورۆزی ۱۴۰۵دا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دوکتۆر ئومیدی پێش دەسبەسەرکردنی، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە پەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خەڵکێک کە ڕووبەڕووی فشار، ڕەنج و سنووردارکردن بووبوونەوە، جەختی لەسەر بەرپرسیارێتیی مرۆیی و مەدەنی بۆ پشتیوانیکردن لێیان کردبووەوە. ناوبراو لەم ڤیدیۆیەدا وتبووی: «لەبەر ئەم هەموو گوشار، ڕەنج، سەختی و سنووردارکردنەی دژی خەڵکی ئێران لە ئارادایە، ئێمە بە ئەرکی مرۆیی، ویژدانی، کۆمەڵایەتی و مەدەنیی خۆمانی دەزانین کە ناڕەزایەتی دەربڕین و بەرپرسانیش ئەرکیانە وڵامی خێرا و ڕوون بە داواکارییەکانی خەڵک بدەنەوە.»

ناوبراو پەیامە ناڕەزایەتییەکەی بە شێعرێک بە زمانی لەکی کۆتایی پێ هێنابوو:

  • چَمِ زِمستان دِرِی، سازِ وِهاران ژِنی
  • دَس مِلِم باغِ تو، هَلپ‌وَهاران گِری
  • جامِ مِی هاوِردگَه، مزگانیه‌ گلونی
  • وَ رِه‌سَری خُور، زُلفِ تو، سورِ سوریا گِری

کە وەرگێرانە سۆرانییەکەی دەبێتە: «چاوەڕوانی کۆتایی زستانی و سازی بەهارت ژەنیوە؛ دەستم لە ملی باخی تۆ دەنێم تا هەڵپەرکێی بەهاران ساز بکەی. جامی مەییان هێناوە؛ ئەمە مژدەینەی گوڵوەنییە (سەرپۆشی ڕەسەنی لەکی). خۆر لە ڕێگەیە و زوڵفەکانت، جەژنی سەروەریی دیارەکان دەگێڕێ.»

دوکتۆر نەبی ئومیدی، توێژەری بواری ئابووری و گەشەپێدان و دانشیاری پێشووی ئابووریی زانکۆی پەیامی نووری ئیلام، بە فۆکۆسکردن لەسەر ئابووریی سیاسی و ئاڵۆزییە پێکهاتەیییەکانی ئێران دەناسرێتەوە. ناوبراو لە بەرهەم و وتارە زانستییەکانیدا، لەوانە لە داڕشتنی تیۆریی «نەخۆشیی ئێرانی» دەربارەی سیستەمی ئاڵۆزی دژبەیەک لە دۆخی هەڵاوسانی سستیدا (رکود تورمی) و ناکارامەییی دامەزراوەییدا، و هەروەها لە ڕوونکردنەوەی چەمکی «نەزۆکیی بودجەیی» لە سیستەمی دارایی گشتیدا، بە شێوازێکی پێکهاتەیی شیکاریی بۆ کێشە ئابوورییەکانی ئێران کردووە.