٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ میلاد ئیبراهیمی، لاوی خەڵکی کامێران، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنفیی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی کامێرانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی ٤٠٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم وەزرشکار و ماساژۆرە ٣١ ساڵانە لە ڕەزبەری ١٤٠٥دا لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی کامێران بەڕێوەچوو و حوکمی دەرچوو لە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥دا بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
میلاد ئیبراهیمی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە شاری کامێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومییەکان بریندار ببوو لە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
لە کاتی دەسبەسەرکراندا، برای ناوبراو بە ناوی "حامید ئیبراهیمی"، ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە دەسبەسەرکردنی میلاد دەربڕیبوو دەسبەسەر کرا، بەڵام دوای شەش ڕۆژ بە بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی ئازاد کرا.
میلاد ئیبراهیمی شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کامێران بە تەقەی فیشەکی جەنگی لە نێوقەدی بریندار بوو و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی نە، نەشتەرگەریی بۆ کرا. ناوبراو پاش هاتنەدەر لە نەخۆشخانە و لە کاتێکدا خەریک بوو ماوەی وەرگرتنی چارەسەری لە ماڵەکەی خۆیدا تێدەپەڕاند و بڕیار بوو دووبارە بەهۆی هەوکردنی جەستەی نەشتەرگەریی بۆ بکرێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەیەکی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.
ئەم لاوە بریندارە لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو بێبەش بوو، و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





