٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «محەممەدڕەزا تورکجوش»، لاوی کوردی ٣٠ ساڵەی خەڵکی شاری مەڵکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواززرایەوە. ناوبراو کرێکار و سەرپەرستی بنەماڵەکەیەتی. دایکە بەساڵاچووەکەی دوای دەسبەسەرکردنی کوڕەکەی تووشی جەڵتە بووە و لە ئێستادا لە بەشی چاودێریی چڕدا (ICU) خەوێندراوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان بە هەڵکوتانە سەر ماڵی «محەممەدرەزا تورکجوش»، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە دایکە بەساڵاچووەکەی محەممەدڕەزا تورکجۆش بەهۆی بەردەوامیی دەسبەسەربوونی کوڕەکەیەوە تووشی جەڵتە بووە و لە ئێستادا لە بەشی چاودێریی چڕدا خەوێندراوە.
محەممەدڕەزا تورکجوش لە ڕێگەی کرێکارییەوە بژێویی ژیانی دابین دەکات و سەرپەرستیی بنەماڵەکەی لە ئەستۆیە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دایک و باوکی بەساڵاچوو و نەخۆشن و محەممەدڕەزا جیا لە چاودێریکردنیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، سەرپەرستیی خوشکەکانیشی لە ئەستۆ بووە. بە دەسبەسەرکردنی ناوبراو، بنەماڵەکەی بێ سەرپەرست ماونەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵیان بێبەش بووە.





