١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «شاهین ڕەشیدزادە»، لاوی ٢٠ ساڵە و هاووڵاتیی خەڵکی بانه، سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکاری، هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، شاهین ڕەشیدزادە، لاوی ٢٠ ساڵەی خەڵکی گوندی «بەردەڕەش»ی سەر بە بانه، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی زانیارییەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە. هەروەها، ناوبراو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش کراوە.