١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «حەسەن مستەفایی»، هاووڵاتیی خەڵکی بانه و یەکێک لە خێرخوازە خۆشناوەکانی ئەم شارە، سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکاری، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، حەسەن مستەفایی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بانه، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە. هەروەها، ناوبراو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.