۲۰ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی" مەحیەدین بانەڕێزی"، هاووڵاتیی خەڵکی بانه، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، هەروەها پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، «مەحیەدین بانەڕێزی» کاتژمێر ۳ی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۱۷ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، بەهۆی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمباریەوە نەداوە. هەروەها، ناوبراو هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.





