٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «حەیدەر مەلایی»، لاوی خەڵکی شاری موورمووری سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیکردن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری موورمووری بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئاودانان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارەدا گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
ئەم گردبوونەوانە وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە وەرگەڕانی کارەساتباری ئوتوبووسی پێترۆپالایش بەڕێوە چوون کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان. لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی پەیوەست بەم ڕووداوە، تا ئێستا هەشت کەس دەسبەسەر کراون. لەو ڤیدیۆیانەی لەم گردبوونەوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، دروشمی «مەرگ بۆ دیکتاتۆر» لەلایەن ناڕازییانەوە دەبیسترێت.





