ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت، ناسراو بە «شۆڕەسوار» دوای ئامادەبوون لە دادسەرای ئەم شارەدا، بە بڕیاری دادوەر دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوەندە ئەمنییەکانی سەر بە سپای پاسداران چەندین جار بە تلفۆن هەڕەشەیان لە شۆڕش ئەبووبەکری کردبوو و بانگیان کردبوو کە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، ئەم هونەرمەندە لەگەڵ پارێزەرەکەی، عوسمان موزەیەن، بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە و پێشکەشکردنی سکاڵا سەردانی دادسەرای سەردەشتی کرد و لەوێ بە بڕیاری دادستانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو: بە پێی ڕاگەیاندنی بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە، پارێزەرەکە حاڵەتە پێچەوانەکانی یاسای لە ڕێگەی سکاڵایەکەوە پێشکەش بە دادستانی سەردەشت کردووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

شۆڕش ئەبووبەکری بەرهەمهێنەر، پێشکەشکار، ژەنیاری تار و گۆرانیبێژی ناسراوی سەردەشتییە لە بواری ئەدەب و هونەردا. ناوبراو خاوەنی ناوەندێکی فێرکاریی مۆسیقا بە ناوی «ئاوای کورد» لە سەردەشت بووە کە چەند ساڵ لەمەوبەر مۆڵەتەکەی هەڵوەشێنراوەتەوە. 

پێشینەی دەسبەسەرکرانی شۆڕش ئەبووبەکری:

شۆڕش ئەبووبەکری نیوەشەوی ١٨ی  بەفرانباری ١٤٠٢، شۆڕش ئەبووبەکری بە هێرشی چەکداریی هێزە ئەمنییەکان و بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی دادوەری دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گواسترایەوە.

ڕۆژی پنجشەممە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢، ئەم هونەرمەندە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ئازاد کرا.

ڕۆژی پنجشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، دانیشتنی دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی شۆڕش ئەبووبەکری، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەردەشت بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ڕەحمەت ئیسماعیلی» بەڕێوە چوو و ناوبراو لە تۆمەتی «پڕۆپاگەندە دژی دەسەڵات» بێتاوان دەرچووە.