١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا بەبۆنەی «ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی سزای سێدارە» (١٠ی ئۆکتۆبر)، بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی جیاکراوە - ئاماریی بەڵگەدار، وشیاری لەمەڕ شەپۆلێکی بێوێنە و پەلەپەلکردن لە لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە ئێراندا دەدات. داتا کۆکراوەکان نیشان دەدەن کە لە ماوەی ساڵێکدا لە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ تا ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، ماشینی سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندکردنەوەی سەرکوتە سیاسییەکان، لانیکەم ٦٧ زیندانیی سیاسیی، لە سێدارە داوە؛ ئامارێک کە نیشاندەری زیادبوونی نزیکەی ٩ ئەوەندەی لەسێدارەدانە سیاسییەکان بە بەراورد لەگەڵ نێونجی ساڵانەی ١٤ ساڵی ڕابردوویە.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها دەپەرژێتە سەر پشکنینی شێوازەکانی سەرکوت لەم شەپۆلە بێوێنەیەدا؛ لەوانە: جیاکردنەوەی وردی تۆمەتەکان، شیکردنەوەی قۆناغی لەسێدارەدانە خێراکراوەکان، شاردنەوەی شوێنی جێبەجێکردنی حوکمەکان، لەسێدارەدان لەبەر چاوی جەماوەردا، سێناریۆسازیی میدیایی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا، سزادانی بنەماڵەکان بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان و ڕێگری لە شینگێڕی، و پشکنینی پێکهاتەی نەتەوەیی و ڕەگەزنامەی لەسێدارەدراوان. لە کۆتاییدا، کوردپا وێڕای هۆشداریدان لەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە بەکارهێنانی سێدارە چووەتە قۆناغی ترساندنی ئەوپەڕی بەمەبەستی سەپاندنی کەشوهەوای ئەمنی-سەربازی بەسەر کۆمەڵگادا، جەخت دەکاتەوە کە بە بوونی سەدان زیندانیی سیاسیی دیکە لە مەترسیی دەستبەجێی سێدارەدا، کۆماری ئیسلامی هیچ گوشار و کۆسپێک بۆ وەستاندنی ئەم کۆمەڵکوژییە لەبەرچاو ناگرێت؛ لەبەر ئەمە مەحکوومکردنی بە زمان بە کەڵک نایەت و وەستاندنی ئەم ماشینی سێدارەیە پێویستی بە هەنگاوی دەستبەجێ، جیددی و هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی هەیە. 

۱) نیشاندانی گشتیی ئامار؛

١٠٢ لەسێدارەدان لە ماوەی ١٤ ساڵدا لە بەرانبەر ٦٧ لەسێدارەدان لە ماوەی ساڵێکدا

لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٢ تا ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، سەرجەم ١٠٢ زیندانیی سیاسی لە ئێراندا لە سێدارە دراون؛ واتە بە شێوەی نێونجی ساڵانە زیاتر لە ٧ کەس.

لە بەرانبەردا، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا (لە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ تا ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦)، لانیکەم ٦٧ زیندانیی سیاسی لە سێدارە دراون. ئەم ئامارە نیشان دەدات کە نێونجی ساڵانەی لەسێدارەدانی زیندانییە سیاسییەکان لەم قۆناغەدا نزیکەی ٩ ئەوەندەی نێونجی ساڵانەی ١٤ ساڵی پێش ئەوە بووە.

تێڕوانینێک بۆ سەرجەمی ئاماری لەسێدارەدانەکان: لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ تا ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، لانیکەم ١٠٦٦ کەس لە ئێراندا بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە دراون (کوردپا لە ڕاپۆرتەکانی پێشوویدا، تۆمارکردنی ٨٢٦٠ لەسێدارەدانی لە ئێراندا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠٢٥ ڕاگەیاندبوو).

۲) ڕێڕەوی دەستپێکردنی لەسێدارەدانە سیاسییە بەپەلەکان لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە

قۆناغی یەکەم (بەفرانبار و ڕێبەندانی ١٤٠٤): جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٢ زیندانیی سیاسی بە تۆمەتی سیخوڕی. 

قۆناغی دووەم / قۆناغی سەرکوتی لانیزۆری (لە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا ڕەزبەری ١٤٠٥): چوونە ناو قۆناغی جێبەجێکردنی بەپەلەی سزای سێدارە، بەتایبەتی دژی خۆپیشاندەران و تۆمەتبارانی سیخوڕی؛ بە شێوەیەک کە جێبەجێکردنی سزاکان گەیشتە نێونجییەکی بێوێنەی زیاتر لە ٧ لەسێدارەدانی سیاسی لە حەفتەیەکدا. ئەم ماوەیە، بە بەرزترین ڕێژەی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی سیاسی لە قۆناغێکی کورتدا دوای دەیەی ١٣٦٠ (١٩٨٠کان) ئەژمار دەکرێت. 

۳) جیاکردنەوەی تۆمەتەکان و دۆسییەکانی ٦٧ زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو

سیخوڕی و دۆسییەکانی پەیوەندیدار بە شەڕ (٣٥ کەس): پێكهاتووە لە ٣١ حاڵەتی دوەپاڵدراو بە پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل (١٤ خۆپیشاندەری بەفرانبار، ٤ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی ۴۰ ڕۆژەوە، ٢ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی ۱۲ ڕۆژەوە و ١١ کەس بە تۆمەتی هاوشێوە) و ٤ حاڵەتی وەپاڵدانی پەیوەندی بە وڵاتانی عەرەبییەوە. 

موحاربه و افساد فی‌الأرض (٢٠ کەس): بەگشتی پەیوەندیدارە بە دەسبەسەرکراوان و خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤.

بەغی (۱۰ کەس): پێكهاتووە لە ٧ کەس لە پەیوەندی لەگەڵبە موجاهدینی خەلقەوە، ٢ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و ١ هاووڵاتیی بەلووچ.

لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی «ژن، ژیان، ئازادی» (٢ کەس): خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراو لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا. 

تێبینی: ئەم پۆلێنبەندییە تەنیا لەسەر بنەمای تۆمەتە ئاراستەکراوەکانە لەلایەن دامەزراوە دادوەرییەکانی حکوومتەوەیە و بە مانای پشتڕاستکردنەوەی دروستیی ئەم ئیدیعایانە نییە.

۴) شێوازەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و زەوتکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە

داتاکانی کوردپا نیشان دەدەن کە دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان شێوازی تەواو دیاریکراویان بۆ زەوتکردنی دەرفەتی بەرگری و دروستکردنی تۆقاندنی گشتی بەکار هێناوە؛

شاردنەوەی شوێنی لەسێدارەدان: سەرەڕای بڵاوکردنەوەی فەرمیی هەواڵی لەسێدارەدانەکان، حکوومەت لە ڕاپۆرتەکانیدا هیچ ئاماژەیەکی بە شوێنی وردی لەسێدارەدان نەکردووە. هەروەها ٦٠٪ی ئەم کەسانە لە گرووپی ٢ تا ٣ کەسیدا و لە بێدەنگیی ڕەهای میدیاییدا لە سێدارە دراون. 

لەسێدارەدان لەبەر چاوی جەماوەر: جێبەجێکردنی سزای سێدارەی لانیکەم ٦ کەس لە خۆپیشاندەرانی بەفرانباری ١٤٠٤ لەبەر چاوی جەماوەر لە شارەکانی قوم و ئێسفەهان. 

پڕۆپاگەندە و دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا: بۆ ٦٣ کەس لە ٦٧ زیندانی (٩٤٪) پڕۆژەی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و سناریۆسازیی میدیایی جێبەجێ کراوە:

٣١ حاڵەت: بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە شوێنی نادیاردا هاوڕێ لەگەڵ مۆنتاژکردنی وێنەی پەیوەندیدار. 

٢٠ حاڵەت: بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دادگادا هاوڕێ لەگەڵ مۆنتاژکردنی وێنەی پەیوەندیدار. 

٨ حاڵەت: بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی وەرگیراو لە دادگا نهێنییەکاندا، بەبێ پارێزەری هەڵبژێردراو و بێبەش لە ئامادەبوونی بنەماڵە. 

٤ حاڵەت: بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە شوێنە نادیارەکاندا. 

٢ حاڵەت: بڵاوکردنەوەی فیلمی پەیوەندیدار. 

حاڵەتەکانی دیکە: لە ٢ حاڵەتدا، تەنیا وێنەی کەسەکان لە دادگا بێ پارێزەری هەڵبژێردراو و بێبەش لە ئامادەبوونی بنەماڵە بڵاو کرایەوە؛ و لەبارەی ٢ زیندانیی کوردیشەوە هیچ وێنە یان دانپێدانانێک بڵاو نەکرایەوە. 

سەرجەم فیلمەکانی دانپێدانانی زۆرەملێ بە شێوەی پچڕپچڕ و مۆنتاژکراو، هاوکات یان بە مەودایەکی کورت لە جێبەجێکردنی سێدارە بڵاو کراونەتەوە. لە زۆر حاڵەتدا، کۆمەڵگە تەنانەت لە دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانە بێئاگا بوو و ڕوخساریان بۆ یەکەم جار لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکاندا بڵاو کرایەوە؛ چونکە بنەماڵەکان لەژێر گوشاری توندی ئەمنیدا لە زانیاریدان قەدەغە کرابوون.

۵) تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمی قوربانییان

ئەکێک لە دژەمرۆڤانەترین ڕەهەندەکانی ئەم شەپۆلە لە سەرکوت، ڕێگری لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوانە بە بنەماڵەکانیان؛

تەرمی ٨ هاووڵاتیی کورد و ٢ هاووڵاتیی بەلووچ دوای لەسێدارەدان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و نموونەی ئاشکرای «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» (Forced Disappearance)ی دەردەخات. 

حاڵەتی بەدەرکردن لە ڕادەستکردنەوەی تەرم: تەنیا تەرمی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا بەهۆی ئایینزای شێعە و مێژووی جانبازیی باوکیان لە شەڕی ٨ ساڵەدا ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە. لە حاڵەتەکانی دیکەدا، ڕێگری لە ڕادەستکردنەوەی تەرم، بێبەشکردن لە زانیاری لەسەر شوێنی شاردنەوە و قەدەغەکردنی ڕێوڕەسمی شینگێڕی وەک ئامرازی سزادانی تەواوکەر دژی بنەماڵەکان بەکار هێنراوە. 

۶) پێکهاتەی نەتەوەیی و ڕەگەزنامەی زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوەکان؛

لە نێوان ٦٧ زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو لە ساڵی ڕابردوودا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ تا ئۆکتۆبری ٢٠٢٦):

١٠ هاووڵاتیی کورد 

٢ هاووڵاتیی بەلووچ 

٢ هاووڵاتیی تورک 

٣ هاووڵاتیی وڵاتی ئەفغانستان 

٣ هاووڵاتیی وڵاتی عێراق 

٤٧ هاووڵاتی لە نەتەوەکانی دیکە/ناوچەکانی دیکەی ئێران (یان کەسانێک کە ناسنامەی وردی نەتەوەییان ڕوون نەبووەتەوە). 

تێڕوانینێک بۆ پێکهاتەی نەتەوەیی لە ماوەی ١٤ ساڵدا (٢٠١٢ تا ئۆکتۆبری ٢٠٢٥): لە ماوەی ١٤ ساڵی پێش ئەم قۆناغەدا، سەرجەم ١٠٢ زیندانیی سیاسی لە سێدارە درابوون کە پێکهاتبوو لە ٣٧ کورد، ٢٠ بەلووچ، ١٢ عەرەب، ١ تورک و ٣٢ لە نەتەوەکانی دیکە (کە ٢٤ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە درابوون).

وشیارکرنەوە؛ پێویستیی هەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتی و بێکەڵکیی مەحکوومکردن بە زمان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا بە مەحکوومکردنی توندی ئەم شەپۆلە بێوێنەیە لە کۆمەڵکوژیی حکوومەتی، هۆشداری دەدات کە کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندنی کۆمەڵگە، سەرکوت لە ڕێگەی سێدارەوەی بردووەتە قۆناغێکی زۆر سامناک و تۆقێنەرەوە. ئەم سەرکوتە تەنیا بە لەسێدارەدانی بەپەلە، شاراوە و بێوێنە سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو بە ئەشکەنجەی دەروونیی ڕێکخراوی بنەماڵەکان، هەڕەشەی بەربڵاو بۆ ناچارکردنیان بە بێدەنگی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان و سەپاندنی ئازاری دووئەوەندە، ڕەهەندێکی شۆکهێنەر بە خۆیەوە دەگرێت. بەم حاڵەشەوە، کۆمەڵگە سەرەڕای ئەم ئاستە لە توندوتیژی، لە «شینی کۆمەڵایەتی»ی قووڵدا بۆ هەزاران گیانبەختکردووی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، دەیان لەسێدارەدراوی سیاسی و زیاتر لە ١٠٠ زیندانیی سیاسی لە مەترسیی دەستبەجێی سێدارەدا دەژێت. حکوومەت بە بێباکی بە تەواوی لە بەهای گیانی مرۆڤەکان و فەرامۆشکردنی شینی کۆمەڵگە، هیچ کەمکردنەوە یان کۆسپێکی ئه‌خلاقی یان یاسایی بۆ خۆی لەبەرچاو ناگرێت.

کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەزموونی ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە تەنیا «سەرکۆنەکردنی بەربڵاو» نەیتوانیوە ماشینی سێدارە ڕابگرێت، بەڵکوو لەسێدارەدانی زیندانییە سیاسییەکان بە زیادبوونی ٩ ئەوەندەیی ڕووبەڕوو بووەتەوە کە نیشاندەری بەئامرازکردنی سێدارەیە بۆ سەرکوتی ئازادییەکان و ئەمنی-سەربازیکردنی زیاتری کۆمەڵگە لەلایەن حکوومەتەوە. لەبەر ئەمە، ئەگەر هەنگاوی جیددی، کردەیی و هەمەلایەنە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەنجام نەدرێت، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هیچ هۆکارێک بۆ کەمکردنەوە یان وەستاندنی لەسێدارەدانەکان نابینێت و بە ڕەوتی لەسێدارەدانی بەپەلە و سەرکوتی ڕووبە زیادبوون بەردەوام دەبێت. 

ئاماری ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای داتا کۆکراوەکان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپاوە و بەپێی بنەما دیاریکراوەکانی ئەم ڕێکخراوە بۆ تۆمار و بەڵگەدارکردنی حاڵەتەکانی لەسێدارەدانە. بە سەرنجدان بە نەبوونی ئازادیی دەربڕین، سەرکوتی بەربڵاو و پچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت لەلایەن حکوومەتەوە، ئەگەری هەیە ژمارەی ڕاستەقینەی لەسێدارەدانەکان زیاتر لە ئاماری تۆمارکراو لەم ڕاپۆرتەدا بێت. 

پێڕست و ناوی ٦٧ زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو بەپێی ڕێکەوتی جێبەجێکردنی حوکم؛

١. ئەندازیار جەواد نەعیمی — ٢٦/٧/١٤۰۴

٢. عەقيل کشاوەرز — ۲۹/۹/۱۴۰۴

٣. عەلی ئەردستانی — ۱۷/۱۰/۱۴۰۴

٤. حەمیدڕەزا سابت ئیسماعیل‌پوور — ۸/۱۱/۱۴۰۴

٥. کوورش کەیوانی — ۲۷/۱۲/۱۴۰۴

٦. ساڵح محەممەدی — ۲۸/۱۲/۱۴۰۴

٧. سەعید داوودی — ۲۸/۱۲/۱۴۰۴

٨. مەهدی قاسمی — ۲۸/۱۲/۱۴۰۴

٩. عەلی‌ئەکبەر دانشوەرکار (شاهڕۆخ) — ۱۰/۱/۱۴۰۵

١٠. محەممەد تەقەوی سەنگدێهی — ۱۰/۱/۱۴۰۵

١١. پوویا قوبادی — ۱۱/۱/۱۴۰۵

١٢. بابەک عەلیپوور — ۱۱/۱/۱۴۰۵

١٣. وەحید بەنی‌عامریان — ۱۵/۱/۱۴۰۵

١٤. ئەبولحەسەن مونتەزر — ۱۵/۱/۱۴۰۵

١٥. ئەمیرحوسێن حاتەمی — ۱۳/۱/۱۴۰۵

١٦. عەلی فەهیم — ۱۷/۱/۱۴۰۵

١٧. محەممەدئەمین بیگلەری — ۱۶/۱/۱۴۰۵

١٨. شاهین واحیدپەرەست کەلور — ۱۶/۱/۱۴۰۵

١٩. عەلی نادەر ئەلعوبەیدی — ۱۷/۱/۱۴۰۵

٢٠. فازڵ شێخ کەریم — ۱۷/۱/۱۴۰۵

٢١. محەممەد (نیما) مەعسووم‌شاهی — ۳۱/۱/۱۴۰۵

٢٢. حامید وەلیدی — ۳۱/۱/۱۴۰۵

٢٣. ئەمیرعەلی میرجەعفەری — ۱/۲/۱۴۰۵

٢٤. مەهدی فەرید — ۲/۲/۱۴۰۵

٢٥. سوڵتان‌عەلی شیرزادی‌فەخر — ۳/۲/۱۴۰۵

٢٦. عرفان کیانی — ۵/۲/۱۴۰۵

٢٧. عامر ڕامش — ۶/۲/۱۴۰۵

٢٨. ساسان ئازادوار — ۱۰/۲/۱۴۰۵

٢٩. ناسر بەکرزادە — ۱۲/۲/۱۴۰۵

٣٠. یەعقووب کەریم‌پوور — ۱۲/۲/۱۴۰۵

٣١. مێحراب عەبدوڵڵازادە — ۱۳/۲/۱۴۰۵

٣٢. مەهدی ڕەسووڵی — ۱۴/۲/۱۴۰۵

٣٣. مەحەمەدڕەزا میری — ۱۴/۲/۱۴۰۵

٣٤. ئیبراهیم دەوڵەتئابادی‌نەژاد — ۱۴/۲/۱۴۰۵

٣٥. عرفان شەکوورزادە — ۲۱/۲/۱۴۰۵

٣٦. عەبدولجەلیل شەبەخش — ۲۲/۲/۱۴۰۵

٣٧. محەممەد عەبباسی — ۲۳/۲/۱۴۰۵

٣٨. ئێحسان ئەفرشتە — ۲۳/۲/۱۴۰۵

٣٩. ڕامین ژلە — ۳۱/۲/۱۴۰۵

٤٠. کەریم مەعرووف‌پوور — ۳۱/۲/۱۴۰۵

٤١. موجتەبا کیان — ۳/۳/۱۴۰۵

٤٢. عەبباس ئەکبەری فەیزئابادی — ۴/۳/۱۴۰۵

٤٣. غوڵامڕەزا خانی‌شەکەرئاب — ۵/۳/۱۴۰۵

٤٤. ئەشکان مالکی — ۹/۳/۱۴۰۵

٤٥. مێهرداد محەممەدی‌نیا — ۹/۳/۱۴۰۵

٤٦. فەتحوڵڵا ئاوەری — ۱۳/۳/۱۴۰۵

٤٧. جەواد زەمانی — ۲۶/۳/۱۴۰۵

٤٨. ئەبولفەزل ساعیدی — ۲۶/۳/۱۴۰۵

٤٩. مەحەمەد ئەمینی دەهاقانی — ۲۳/۴/۱۴۰۵

٥٠. عارف خۆشکار — ۲۳/۴/۱۴۰۵

٥١. عرفان ئێسفەندیاری — ۲۸/۴/۱۴۰۵

٥٢. گوڵ‌محەممەد محەممەدی — ۲۸/۴/۱۴۰۵

٥٣. مەهدی خانەکی — ۳۱/۴/۱۴۰۵

٥٤. ئەبولفەزل سپاهی بادجانی — ۶/۵/۱۴۰۵

٥٥. ئەمیرحوسێن سەفەری حوسێنئابادی — ۶/۵/۱۴۰۵

٥٦. ئومێد بێهزاد — ۱۲/۵/۱۴۰۵

٥٧. پووریا سەفوەت — ۱۲/۵/۱۴۰۵

٥٨. شارام سادقی — ۲۵/۵/۱۴۰۵

٥٩. قائم حوسێنی — ۲۹/۵/۱۴۰۵

٦٠. مەجید ئادینە — ۱/۶/۱۴۰۵

٦١. حوسێن پودران — ۲۸/۶/۱۴۰۵

٦٢. تەورات محەممەدی — ۱/۷/۱۴۰۵

٦٣. عەلی هێممەتی سیستانی — ۸/۷/۱۴۰۵

٦٤. مەجید نیکئەندیش — ۸/۷/۱۴۰۵

٦٥. سیاوەش جەمشیدی خێرئابادی — ۱۱/۷/۱۴۰۵

٦٦. عەلیڕەزا سپاهی بادجانی — ۱۳/۷/۱۴۰۵

٦٧. عەلیڕەزا ڕەئیسی حەسەن هێندوویی — ۱۳/۷/۱۴۰۵

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە