ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «یەدوڵڵا مەتاعی»، هاووڵاتیی خەڵکی دێولان و ڕاهێنەری کاراتە بە ۳۱ ساڵ پێشینەی چالاکیی وەرزشی، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، ناوبراویان لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
هەروەها، «یەدوڵڵا مەتاعی» لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
لە هەمان پەیوەندیدا، «یەدوڵڵا مەتاعی» کە پێشتر لە ڕەوتی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن حیراسیەتی ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنەوە بەردەوامبوویی چالاکیی وەرزشی، ڕاهێنەرایەتی و کردنەوەی هەر جۆرە یانەیەکی وەرزشیی لێ قەدەغە کرا.
ڕۆژی شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، ئەم بڕیارە بە شێوەی زارەکی و دوای بانگکردنی «یەدوڵڵا مەتاعی»، ڕاهێنەری ۴۵ ساڵە بۆ بەشی حیراسەتی ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە، لەلایەن ئەم دامەزراوە ئەمنییەوە پێی ڕاگەیەندرا. هەروەها سەرجەم بەڵگەنامە و گرێبەستەکانی لە یانەی پارێزگای سنە لە حیراسەتی ئەم ئیدارەیەدا دڕێندران و پێی وتراوە: «تۆ بۆ هەمیشە لە ڕاهێنەرایەتی دەرکراویت».
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، ۲۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، ڕێگری لە ئامادەبوونی «یەدوڵڵا مەتاعی» لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە قارەمانان، ڕاهێنەران و پێشەنگەکانی وەرزشی شاری دێولان کرا و ناوەکەی لەم ڕێوڕەسمەدا سڕایەوە.
«یەدوڵڵا مەتاعی» لە ساڵی ۱۳۷۴ـەوە وەک وەرزشوان و ڕاهێنەری کاراتە چالاکی دەکات و ۳۱ ساڵ پێشینەی چالاکیی لەم بوارەدا هەیە. ئەو لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە ۲۸ی خەرمانانی ۱۴۰۱ و لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بە قەتڵی حکومەتیی ژینا ئەمینی دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕبوونی چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و لە کۆتاییدا سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها ناوبراو لە بانەمەڕی ۱۴۰۳دا بۆ بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کرابوو.




-640x360.png)
