١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ لە درێژەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد، «سیاوەش فەیزوڵڵاهی»، هاووڵاتیی خەڵکی «سیمینە»ی سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی «سیاوەش فەیزوڵڵاهی» و دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە نەزانراوە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
هەروەها «سیاوەش فەیزوڵڵاهی» لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. ناوبراو تەمەنی ٢٦ ساڵە و خێزاندارە.