ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥، یاسر حوسێنی و موحسن ئەسەدی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کامێران بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی ناڕوون گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە، ئەم دوو هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەیاندا دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەم بوارەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە مافی هەر جۆرە دەستپێڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢یش، یاسر حوسێنی بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە بەندیخانەی کامێران ئازاد کرابوو.