٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، پێنج هاووڵاتی لە ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کراون و دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییانە لە مافی هەرجۆرە دەستپێڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دەسبەسەرکرانی ئەم کەسانە دەڵێن؛ ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، «فەرهەنگ دێهقان»، تەمەن ٣٧ ساڵان و خەڵکی «دزەی مەرگەوەڕ» کە سەرقاڵی کاری مێکانیکی بووە، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و لەگەڵ لێدان و ئەشکەنجە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لە هەمان ڕۆژدا، «مەجید ئێبتهاج»، هاووڵاتیی خەڵکی «زێوە» لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەروەها «واحید شەعبانی»، «بێهدار ئەسەدی» و «ساڵح دەربووبەچیچەک»، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی «گێسیان» سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە دەسبەسەرکراوانی دیکەی ٢٥ی خەرمانانن کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم ٥ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەم بارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها هەموویان دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.