بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی گشتیی پارێزگای کرماشان، باسی لە دەسبەسەرکردنی دوو ژنە هاووڵاتیی کرد کە لە کلیپێکدا، گۆرانییان وتووە.
"حەسەن حەیدەری" لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی پۆلیس، ڕایگەیاند: چەند کەسێک لە ڕێوڕەسمێکدا کە دەستیان بە گۆرانیوتن کردبوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو ببووەوە، بوو بەهۆی دەنگدانەوەی نەرێنی لە سەر بیروڕای گشتیی کۆمەڵگا.
ئەو بەرپرسە نیزامییەی پارێزگای کرماشان هەروەها، گۆرانیوتنی ئەو دوو ژنە هاووڵاتییەی بە پێشێلکردنی یاسا، زانی و هەروەها ئەو کارەی ئەو دوو ژنەی بۆ خەوشدارکردنی بیروڕای کۆمەڵگا، گەڕاندەوە.
حەسەن حەیدەری هەروەها باسی لە داخرانی یەکە سێنفی و نووسینگەی کانوونی بانگەشە کرد و ڕایگەیاند: "پەیجەکانی بڵاوکردنەوەی ئەو کلیپانە لەلایەن پۆلیسی فەتاوە، داخراون".
بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتیی پارێزگای کرماشان دەڵێت: "پۆلیس لەگەڵ هەر جۆرە پێشێلکاری یاسایی و هەڵسووکەوتی دوور لە داب و نەریت، بە توندترین شێوە بەرانبەر بە یاسا لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکات".





