زیندانییەکی سیاسی بە ناوی سەید "محەممەد حوسێنی" خەڵکی شاری نەغەدە، ماوەی ٣٣ مانگە لە زیندانی ئەو شارەدا چارەنووسی ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بە تۆمەتی موحاربە لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بە سەرۆکایەتی  دادوەر غوڵامی دادگایی کراوە و هەتا ئێستا هیچ حوکمێکی بۆ نەبڕاوەتەوە".

ئەو زیندانییە سیاسییە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە زیندانی نەغەدە، چارەنووسی ناڕوونە.

سەید محەممەد حوسێنی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی هەر جۆرە مەرەخەسییەک بێبەری کراوە.