چالاکێکی ژینگەیی کورد بە ناوی "خەبات مەفاخری" خەڵکی شاری سنە، لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، لە ژێر لێکۆڵێنەوە دایە.

بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە ژینگەییە دوو جار درێژە کراوەتەوە و و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

هەتا ئێستا بەدواچوونی بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە هۆکاری گیران و تۆمەتی دژی ناوبراو، بێئاکام ماوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان، "خەبات مەفاخری" چالاکی ژینگەیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان، لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە ژینگەییە ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجە دابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی قەزایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە ژینگەیەی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە و هێندێک کەرەستەی شەخسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردووە.

خەبات مەفاخری ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستانە.