ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، سێ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان بە ناوەکانی "فەرشید سنجەری"، جێگری فەرماندەی یەگانی ژینگەپارێزیی کرماشان، ئەندازیار "موعینیان"، ڕاوێژکاری بەڕێوەبەری گشتی و ئەندازیار "خوسرەوی"، بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری ڕوانسەر" بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی "بۆزین و مەرەخێڵـ"ـی پاوە بریندار بوون.
ماڵپەڕی "مین و زندگی" لەو بارەیەوە نووسیوویەتی کە ئەو کەسانە لە حەوتەمین ڕۆژی ئاگرکەتنەوەکەی لێڕەوارەکانی ناوچەی بۆزین و مەرەخێڵ تووشی ئەو ڕووداوە بوون.
"فەرشید سنجەری" و ئەندازیار "موعینیان" لاق و لووتیان لەو ڕووداوەدا بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان کراون.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرکە بوون، گیانیان فیدای نیشتمان کرد.





