ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ، کۆڕێکی بۆ دوکتور "ئازاد حاجی ئاغایی"، لەژێر ناوی "سیاسەت و بیرەوەری"، بەڕێوە برد.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ۳۱ی گەلاوێژ، ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری شنۆ، کۆڕێکی بۆ دوکتور "ئازاد حاجی ئاغایی" لەژێر ناوی "سیاسەت و بیرەوەری"، بەڕێوە برد.
لەم کۆڕەدا ئاماژە بە ڕۆڵی گرینگی بیرەوەری لە شکڵدان بە کەسایەتیی مرۆڤ کرا. ئەو شوناس و کەسایەتییەی لەسەر بناغەی بیرەوەری پێک دێت، لەسەر کردەی سیاسی شوێندانەرە.
دوکتور "ئازاد حاجی ئاغایی" هەروەها ئاماژەی بە ڕای بیرمەندێک کرد کە وتی: "بیرەوەریمان نەبێت داهاتووشمان ناڕوونە و کاتێک دژبەر و دوژمن دێته گۆڕێ، سیاسەت لهدایک دەبێت".
هەروەها وتیشی: "هەندێک ناسیۆناڵیزم لەسەر ئەفسانه و بیرەوەریی ساختە دێنە کایەوە و حاڵەتی ئایدۆلۆژی بە خۆیانەوە دەگرن".
پاش تەواوبوونی لێدوانەکانی دوکتور "ئازاد"، بەشداربووان چەند سەرنج و تێبینییان لەسەر شوناس و پێکهاتنی کەسایەتییەکان کرد.





