ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە بەرزاییەکانی سنووری شاری ماکۆ، مانۆڕێکیان بەڕێوەبرد و ناوی "مانۆڕی ڕاستەقینە"یان، لێنا.
قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، مانۆڕێکی لە بەرزاییەکانی سنووری ناوچەی "بۆڕاڵان"ی شاری ماکۆ، بەڕێوەبرد و "محەممەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران، ئامانج لەو مانۆڕەی بۆ لەنێوبردنی مەقەڕەکانی حیزبە کوردییەکان و پاککردنەوەی ناوچە سنوورییە، گەڕاندەوە.
فەرماندەی هێزەی زەوینیی سپای پاسداران، ئەم مانۆڕەی بە "مانۆڕی ڕاستەقینە" ناو برد و بە هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاندووە: "لە بەرانبەر هەر جۆرە جموجۆڵێکی ئەمنییەتی کە سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران بخاتە مەترسییەوە، ڕادەوەستین و لەگەڵ هیچ دەستدرێژکەرێک تەعاروفمان نییە".

ئەو مانۆڕە پاش سەردانی "حوسێن سەلامی"، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران بۆ شاری ورمێ و سەردانی بەرزایی ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی پیرانشار و سەردەشت، بەڕێوەچوو بوو.
"ئاگری ئیسماعیل نژاد"، چالاکی سیاسیی کورد لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، سەردانی "سەلامی" بۆ بەرزاییەکانی سنووری پیرانشار و سەردەشت، بەتایبەتی قەندیل، بە نیشانەی "گرینگیی هێزی پێشمەرگەی حیزبە کوردستانییەکان لە هاوکێشە هەنووکەییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڵکەوتەی ژئوپۆلتیکیی قەندیل"، گەڕاندەوە.





