ئاژانسی کوردپا: لێکۆڵەرێکی کورد لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.
کامیل ئەحمەدی"، نووسەر و لێکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ هاوژینەکەی، داخوازی گرتنی پارێزەری کردووە.
شەفەق ڕەحمانی، هاوژینی ئەو لێکۆڵەرە کوردە لەو پەیوەندییەدا بە "ئێران پڵاس"ی ڕاگەیاندووە: "لەو پرۆسەیەدا کە کامیل دەسبەسەرکراوە، پارێزەرەکان ناتوانن بە هیچ شێوازێک ئێمکانی دەستپێڕاگەیشتن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ناوبراو هەبێت و بیبینن، بەداخەوە پارێزەرەکان لە لایەن خودی ناوەندەکانی حکوومەتەوە دیاری دەکرێن و لەو باوەڕەدام کە ئەوانیش ناتوانن هیچ کاریگەریەکی ئەرێنیان لە سەر ئەو ڕەوتە هەبێت".
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، شەفەق ڕەحمانی، هاوژینی "کامیل ئەحمەدی"، نووسەر و لێکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان باسی لە دەسبەسەر کردنی هاوژینەکەی کرد.
تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو لێکۆڵەرە کوردە، ڕانەگەیاندراوە و ڕوون نییە کام یەک لە ناوەندە حکوومەتییەکان ناوبراویان دەسبەسەر کردبێت.
کامیل ئەحمەدی، ساڵی ڕابردوو، خەڵاتی بونیادی ئاشتیی ژنان لە بەشی وێژە و زانستە مرۆییەکانی زانکۆی جۆرج واشینگتۆنی بە دەست هێنا.
ناوبراو بەهۆی نووسینە زانستییەکان و چالاکییەکانی لە بیاڤی خەسارە کۆمەڵایەتییەکاندا و بە جەختکردنەوە لە سەر " جنسییەت"، "منداڵان" و "کەمینەکان"، لەزانکۆی جۆرج واشینگتۆن خەڵاتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
ئەم لێکۆڵەرە کوردە سەبارەت بە بابەتە فەرهەنگی- ناوچەییەکان، منداڵان و ژنان و مافی کەمینەکان خەریکی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیە و لەم ساڵانەی دواییدا پرۆژەگەلێکی لە بوارگەلی فەرهەنگی منداڵان و ژنان، جنسییەت و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ناوچەکەدا ئەنجام داوە.
لێکۆڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە خەتەنەی ژنان (FGM/C)، هاوسەرگیری منداڵان(ECM)، هاوسەرگیریی کاتی/سیغە و هاوسەرگیری سپی لە ئێراندا ئەنجام دراون.





